وەزیری دەرەوەی عێراق:"هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان پێشێلکردنێکی زەقە بۆسەر سەروەری عێراق"
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان رایگەیاند کە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان پێشێلکردنێکی زەقە بۆسەر سەروەری عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فوئاد حوسێن و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، فوئاد حوسێن هەڵوێستی عێراقی لەبارەی بۆردومانەکانی دوێنێ دووشەممەی ئێران بۆسەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کە بەهۆیەوە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە بۆ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان نیشانداوە و گوتوویەتی: "هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنێکی زەقە بۆسەر سەروەری عێراق و ئاسایشی هاووڵاتییانی".
باسی لەوەشکردووە کە وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی دیالۆگ، وەک رێگایەک بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی کە هیچ پاساوێک هەڵناگرن، هەروەها بەردەوامیدان بەو کارە تاکلایانە، بە مەترسیدار لەقەڵەمداوە.
دوێنێ دووشەممە دووبارە هێرشکرایەوە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران "حدکا" لە کۆیە، ناوچەی زڕگوێز سەربە پارێزگای سلێمانی کە بارەگاکانی کۆمەڵەی لێیە.
لە ئاکامی هێرشەکاندا، دوو پێشمەرگەی حدکا و هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستداوە و هەشت پێشمەرگەی دیکەیش برینداربوون.
لە میانی دوو مانگدا، ئەوە دووەمجاربوو کە بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکرێنە ئامانج.
پێشتر لە 28 ئەیلوولی رابردوودا، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرانە ئامانج بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەست دا کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن یەک رۆژە بوو.