شۆڕشی ژینا 60 رۆژی تێپەڕاند

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێ دەنێتە مانگی سێیەم و زیاتر لە 60 رۆژە مانگرتن و خۆپیشاندان لە شەقامەکان و ناڕەزایەتیی و گردبونەوە لە زانکۆ و خوێندگاکان بەردەوامە و رۆژی سێشەممەش زۆربەی شاروشارۆچکەکان بە داخستنی دوکان و بازاڕەکان مانیان گرت و بە شەویش شەقام و کۆڵانەکان بوە شوێنی سەرهەڵدانی گەنجان.

رۆژی سێشەممە هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی ئێران رۆژێکی سەختیان بەڕێکرد و شەویش بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی و خۆپیشاندانی گەنجان لە کۆڵان و شەقامەکان بواری پشودانیان بۆ نەمایەوە چونکە لە دەیان شار و شارۆچکە و سەرتاسەری ئەو وڵاتە یادی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2019 کرایەوە کە با (ئابان 98) ناودەهێنرێت و زیاتر لە هەزار و 500 کوژراوی لێکەوتەوە. ئەمڕۆ دومانگ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و ناڕەزایەتییەکانیش لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە.

هەر بۆ یادکردنەوەی کوژراوانی ئەو خۆپیشاندانانە و ناڕەزایەتییەکانی دو مانگی رابردو و ناڕەزایەتییەکانی ئابان لە زانکۆکانی تاران و رمێ و کرماشان و سنە و شیراز و تەبرێز و چەند شارێکی دیکەش مانگرتن و گردبونەوە بەڕێوچو. خوێندکارانی زۆربەی زانکۆکانی ئێران هۆڵەکانی خوێندنیان بایکۆت کرد و بە دروشم و گردبونە بەردەوامبون لە دربڕینی ناڕەزایەتی. رۆژی سێشەممە لە سەقز و سنە ، کامیاران و دێولان، مەهاباد و بۆکان و بانە ، دیواندەرە و دێولان و دەیان شاری دیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرجەمیان دوکان و بازاڕەکانیان بۆ پیشاندانی ناڕەزایەتیی نەکردەوە.

بە گشتی لە دو مانگی ناڕازەیەتییاندا زیاتر لە 12 جار مانگرتنی سەرتاسەریی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوچوە. هاوشان لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارە گەورەکانی ئەهواز و بەندەرعەباس و تاران و ئەسفەهان و شیراز و تەبرێز و دەیان شاری دیکە، دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە و ئەوەش گەورەترین مانگرتنی سەرتاسەرییە کە زۆربەی شار و شارۆچکەکان و کاسبکاران بەشدارییان تێدا کرد. شەوی سێشەممە گەنجانی شارەکانی ئیلام و کرماشان و کامیارن و سنە و قوروە و بۆکان و مەهاباد و جوارنڕۆ و روانسەر و پاوە ورمێ و بانە و دێولان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانیان ئاگریان کردەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروشمەکان دژی بەکرێگیراوانی خۆجێی دەسەڵات (جاش) بون و هاوکات دروشمی ژن ژیان ئازادی و ژیان و کار و ئازادی وترانەوە. لە شێراز کچان و خوێندکاران لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە خۆپیشاندانیان کرد و شۆفێرانیش بە هۆڕنی بەردەوام پشتیوانیان لە ناڕەزایەتییەکان کرد. لە زۆربەی شەقامە سەرکییەکان زۆربەی ناوچەکانی تاران تا درەنگانی شەو ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون. لە پارێزگای مەرکەزی ئۆتۆمبێلی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە لایەن گەنجانەوە سوتێنرا. لە شارەکانی بابۆل و لاهیجان و گولسار و رەشت لە باکوری ئێران خۆپیشاندان تا کاتژمێرەکانی شەو بەردەوام بو. لە شارەکانی هەمەدان و بجنورد و مەشهەد شەقامەکان شەوێکی قەرەباڵخیان تێپەڕاند و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان رویدا. ئەهواز و بەندەرعەباس و دەیان شاری عەرەب نشینی باشوری ئێران خۆپیشاندانیان کرد.

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کورستان بڵاویان کردوەتەوە لە 60 رۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 64 کەس کوژراون .

هاوکات ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە کە بە گشتی لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئێستا 344 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی 140 شار و شارۆچکەی ئێران کوژراون و زیاتر لە 15 هەزار کەسیش دەستگیر کراون.

Seen by Kurdish Su at 8:48 PM

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار