ئێران: لە 76 بنکەی هەرێمی کوردستانەوە چەک بۆ وڵاتەکەمان رەوانە کراوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران: بەرپرسانی بەغدا و هەرێم بەڵێنیان داوە بۆ چەککردنی پارتەکانی رۆژهەڵات بەپرسێکی ئێران ، وڵاتانی ئیسرائیل و ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بە هاندانی ناڕەزایەتییەکان و رایدەگەیەنێت لە 76 بنکە و بارەگا لە هەرێمی کوردستان چەک و تەقەمەنی رەوانەی ناوخۆی ئێران کراوە.
حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەو پلانەی بۆ دروستکردنی جەنگ لە دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەدەچێت، شکستی هێناوە و پوچەڵ کراوەتەوە.
ئەمیرعەبدوڵاهیان وتویەتی: 76 بنکە و بارەگای چەکداریی نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان جێگیرن کە لەو بنکە و بارەگایانەوە چەک و تەقەمەنی ئەمریکی و ئیسرائیلیان رەوانەی ناوخۆی ئێران کراوە. بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، وڵاتانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەشێک بون لە هاندانی توندوتیژیی لە ناوخۆی ئێراندا.
عەبدوڵاهیان ئاماژەی بەوە کردوە کە دوو جار لە تاران و بەغدا بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کۆبونەتەوە و بەرپرسانی هەرێم و بەغدا بەڵێنیان داوە بە پێی خشتەیەکی کاتی دیاریکراو پارتەکانی رۆژهەلاتی کوردستان چەک بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردوەتەوە تا لە سنوری دراوسێکانەوە هەست بە هەڕەشە بکەین هێزە سەربازییەکانی ئێران بەردەوام دەبن لە ئەرک و کارەکانیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەرسیۆنی سەربازیی.