گرانیی نەوت بازاڕی زۆپای دار گەرم دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتح

بەهۆی گرانی نرخی نەوت و سوتەمەنی لەهەرێمی كوردستان، بەشێك لەهاووڵاتیان بەتایبەت لەدەرەوەی شارەكان روو لەكڕینی زۆپای دار دەكەن،، بەشێك لەفرۆشیاران دەڵێن ئەمساڵ كڕیارانی زۆپای دار دوو هێندەی ساڵی رابردوو و ساڵانی پێشترە.

بەپێی ئەو بەدواداچوونەی هاوڵاتی كردوویەتی، زۆربەی زۆپاكان دروستكراوی ناوخۆیین و بەشێكیشیان لەوڵاتانی ئێران و توركیاوە هاوردە دەكرێن، بەوتەی فرۆشیارانی زۆپا كوالێتی ئەو زۆپایەی لەكوردستاندا دروستدەكرێت باشترە بەبەراورد لەگەڵ ئەو زۆپایانەی هاوردە دەكرێن.

هاوكار لەتیف، تەمەن ٣٦ ساڵ كەماوەی هەشت ساڵە فرۆشیاری زۆپای دارە بەهاوڵاتی وت: «بەحوكمی ئەوەی نەوت گرانەو بارودۆخی خەڵك زۆرباش نییەو هەموو كەسێك ناتوانێت ئەو پارەیە بدات بەنەوت خەڵك پەنا بۆ زۆپای دار دەبات»، وتیشی:» نزیكەی 10 ساڵە ئەم كارە دەكەم هیچ ساڵێك وەك ئەمساڵ نەمبینیوە زۆپا بازاڕی هەبێت».

هاوكار دەڵێت: «زۆربەی زۆپاكان دروستكراوی ناوخۆیین و هاوردەكراویش هەیە كە لەتوركیاو ئێرانەوە هاوردە دەكرێن، بەڵام زۆپا ناوخۆییەكان لەزۆپای ئێرانی گرانترن كوالێتیشیان باشترە، زۆپا توركییەكانیش نرخیان گرانە بەبەراورد بەناوخۆییەكە».

ئەو فرۆشیارە باسی لەوەشكرد: زۆپا ئێرانییەكە زۆر بەباشی دروستناكرێت و پلێتەكەی بەشێوەیەكی گشتی تەنكەو نرخەكەشی هەرزانترە لەم كاتەشدا بەهۆی كەمی موچەو قەیرانی داراییەوە خەڵك شتی هەرزانی دەوێت، بۆیە زیاتر زۆپا ئێرانییەكە لەبازاڕدا دەڕوات و تەقریبەن ئەوەی ناوخۆییەكەش شانبەشانی ئەو دەڕوات».

«زۆپا ناوخۆییەكە باشترە لەبەرئەوەی پلێتەكەی ئەستورەو دروستكردنەكەی باشترە، بەڵام ئێرانییەكە بەو شێوەیە نییە و زۆبەی زۆری لەحیمی سادەیە كەهێزی پەرچەكەی نییە» هاوكار لەتیف وای وت.

بەشێوەیەكی گشتی نرخی ئەو زۆپا بیایانەی لەهەرێمی كوردستاندا هەن لە 16 هەزارەوە دەستپێدەكات تا 300 هەزار دینار، بەڵام زۆپای خۆماڵی لە 25 هەزارەوە تا 55 هەزار دینارە، بەڵام ئەو زۆپایانەی لەوڵاتی توركیاوە هاوردەدەكرێن نرخیان لە ١٣٠ دۆلارەوە دەستپێدەكات تا ٨٥٠ دۆلار.

خەلیل عوسمانی تەمەن 45 ساڵ، پیشەی كاسبە و نیشتەجێی ناحیەی بازیانە لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: ساڵانە زۆپای دار بەكاردەهێنین بەهۆی گرانی نەوت و سەرمایەكی زۆرلە ناوچەی ئێمە.

وتیشی:لەساڵی رابردوەوە و كاتی بەفرە سەختەكەی ساڵی پارەوە نەوتمان وەرنەگرتووە، بۆیە بەناچاری زۆپای دار بەكاردەهێنین ئەگەرنا دەبێت زوو زوو داری تێبكەیت و زوو گەرم دەبێت و زووش سارد دەبێتەوە.

هاوكات محەمەد كەریم تەمەن ٤٦ ساڵ نیشتەجێی شاری سلێمانییە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەمساڵ زۆپاكەمان داناوە پێشتر بەكارمان نەدەهێنا وزۆپای نەوتمان بەكاردەهێنا، لە ئێستادا لەبەرئەوەی نەوت زۆر گرانە و لەتواناماندا نییە نەوت بكڕین بۆیە بەناچاری زۆپای دارمان داناوە.

وتیشی: نزیكەی دوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرتووە كە ئەمەش كێشەی زۆری بۆ دروستكردووین.

نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەكانی هەرێم زۆر گران بووە و لەدوو مانگی رابردوودا لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەجیهان، نرخی یەك بەرمیل نەوتی سپی لە هەرێم گەیشتە سەروو 280 هەزار دینار، ئێستاش كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بڕیاریداوە نەوت دابەش بكات نرخی نەوت نزیكبووەتەوە لە 250 هەزار دینار.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار