راپرسیەک: ناتوانرێت بەبێ هەدەپە شکست بە دەسەڵات بهێنرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەگوێرەی راپرسیەکی کە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە ئەنجامدراوە، دەسەڵات نۆ خاڵ لەپێش ئۆپۆزسیۆنەوەیە و هەدەپەش زیاتر لە ١٠٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و بۆیەش بۆ شکستپێهێنانی دەسەڵات لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پێویستیان بە هەدەپەیە.
کۆمپانیای ئاسال بۆ راپرسی و لێکۆلینەوە، راپرسیەکی لەبارەی دەنگی لایەنە سیاسیەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدا. بەگوێرەی راپرسیەکە هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵات نۆ خاڵ لەپێش هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆندایە.
راپرسیەکە لە ٢١ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان ئەنجامدراوە و دوو هەزار و ٥٠٠ کەس بەشداریان تێدا کردووە. ئەنجامی راپرسیەکەی کۆمپانیای ئاسال بەم شێوەیەیە:
پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) ٣٧.٧٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ٢٤.٤٪ پارتی باش ١١.٢٪ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ١٠.٤٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) ٨.٧٪ پارتەکانی دیکەی تورکیا ٧.٥٪ بەوپێیەش، هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵات ٤٧٪ی دەنگەکان، هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن نزیکەی ٣٨.٥٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێن و دەسەڵات نزیکەی ٩ خاڵ لەپێش ئۆپۆزسیۆنەوەیە.
بەگوێرەی راپرسیەکە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە زیاتر لە ١٠٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، ئەگەر دەنگ بە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن نەدات، ناتوانرێت شکست بە دەسەڵات بهێنرێت. لە میدیاکانی تورکیادا زۆر جار باسی ئەوە دەکرێت کە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لە شێوەیەکی شاراوە لەگەڵ هەدەپەدا کۆدەبێتەوە و دەیەوێت رازی بکات کە دەنگ بە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بدات، بەڵام هەدەپە مەرجی هەیە.
لە دوایین هەڵوێستیدا لەدوای هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، هەدەپە رایگەیاندبوو کە هەر کاندیدێک و لایەنێک لایەنگری شەڕی دژی کورد بێت، بە هیچ شێوەیەک دەنگی پێنادات.
بەوپێیەش لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا کە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و سنورەکانی هەرێمی کوردستان پەسەند دەکەن، پێناچێت دەنگی هەدەپە کە دەنگی کوردانی باکوری کوردستانە بەدەست بهێنن.