هەرێم و بەغداد لەسەر بودجە لیژنەیەك پێكدەهێنن

پشكی هەرێم بەپێی ئاماری پلاندانان بۆ 14% كەمدەكات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەگەڵ سەروبەندی ئامادەكردنی بودجەی هەر ساڵێكدا گەڕی دانوستانەكانی بەغداو هەرێم دەستپێدەكاتەوەو دوای چەندان سەردانیكردنی مەكۆكی نێوان وەفدی هەرێم و وەفدی بەغدا بۆ لای یەكتری بەڕێككەوتنێك كۆتایی پێدەهێنرێت كەتەنیا ئیمزای سەر كاغەزەو لەواقیعدا هیچ لەئارادا نییەو دۆخەكە وەكچۆن لەدوای ساڵی ٢٠١٤ەوە بەنەناردنی بەشە بودجە بەڕێوەدەچێت ئاوەها وەكخۆی دەمێنێتەوە.

هەرچەندە بەپێی مادەی (١٢١)ی بڕگەی سێیەمی دەستوری عێراق دەبێت حكومەتی ناوەند پشكی هەرێمەكان دابینبكات و بەدەق هاتووە (دەبێت لەو داهاتانەی لەحكومەتی فیدراڵیدا بەدەستدەهێنرێت پشكێكی گونجاو بۆ هەرێمەكان تەرخانبكرێت كە بەشی هەستان بەئەركەكانی بكات بەلەبەرچاوگرتنی داهات و پێویستییەكانی و رێژەی دانیشتوانیشی..)، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠١٤ەوە و دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بەبیانوی هەناردەكردنی نەوتەوە، بەشە بودجەی هەرێم وەكخۆی نەهاتووەو جگە لەچەند بڕەپارەیەكی مانگانە بودجەی تەواوەتی نەهاتووەو خراوەتە بەر ئەو نەوتەی هەرێم فرۆشتویەتی، ئەمەش بەدرێژایی ئەو ساڵانە خاڵی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغدا بووە.

لەئێستاشدا كە لەبەغدا گفتوگۆكانی ناو وەزارەتی دارایی و وەزارەتەكانی دیكە بەشێوەیەكی چڕوپڕ دەستیپێكردووە بۆ ئامادەكردنی بودجەیەكی زەبەلاحی١٣٠ ملیار دۆلاری بۆ عێراق، جارێكی تر شاندی هەرێم روویان لەبەغدا كردووەتەوە بەهیوای ئەوەی ئەمساڵ پشكی هەرێم لەساڵی ٢٠٢١ زیاتر بێت و بەغدا بینێرێت.

بەپێی ئەو هەواڵانەی كە بڵاوكراونەتەوە شاندەكە لەگەڵ وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانانی عێراق كۆبوونەوەو رێككەوتوون لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ تەواوكردنی وردەكارییەكان، هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە رێژەی هەرێم بۆ لە 17% بگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر هەولێرو بەغدا رێكبكەون پشكی هەرێمی كوردستان لەبودجەی 2023 زیاتر لە 14 ملیار دۆلار دەبێت چونكە بەپێی رێژەی دانیشتووان كەوەزارەتی پلاندانان 14%ی بۆ هەرێم دیاریكردووە، هەرێمی كوردستان ئەو بڕە پارەیەی بەردەكەوێت.

لەكاتێكدا شاندەكەی حكومەتی هەرێم لەبەغدا لەكۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراقی رایانگەیاندووە كەوا ئامادەن لەسەر بنەمای دەستوور، تەواوی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆو دانوستاندنەوە، لەنێویاندا كێشەی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەن و كۆتایی بەناكۆكییەكان بهێنن، پێشووتریش لەسەروبەندی درووستكردنی كابینەكەی محەممەد شیاع سودانی وەك ئەو زانیارییە رۆژنامەنووسیانەی بڵاوكرانەوە، سودانی بەڵێنی ئەوەی بە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دابوو كە كێشەكانی هەرێم و بەغدا چارەسەربكات و كار بەبڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەكات بۆ راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و لەگەڵ هەرێم بسازێت، لەئێستادا كەشێكی تاڕادەیەك ئومێدبەخشیان بەسفركردنەوەی كێشەكانی هەرێم و بەغدا و ناردنی بەشە بودجەی تەواوەتی بۆ هەرێم خوڵقاندووە، بەڵام هێشتا بەبڕوای بەشێك لەچاودێران مانگی هەنگوینی نێوان هەرێم و بەغدا زۆر ناخایەنێت و گرفتەكانی نێوانیان سەرهەڵدەدەنەوە.

تاكە بەڵگەیەكیش بۆ ئەوەی ئەم خۆشخەیاڵییە زۆر نەخایەنێت ئەوەیە كەوا لەچەندساڵی رابووردوودا بەشێكی زۆری ئەو سەرۆكوەزیرانانەی كە لەبەغدا دەستبەكاربوون، لەسەرەتادا دۆستی پارتی و یەكێتی بوون و بەڕەزامەندی ئەوان ئەو پۆستەیان وەرگرتەوە، هاوكات هەموو جارێك باسیان لەچارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا كردووەو بۆ نیازپاكیش چەند گوژمە پارەیەكی مانگانەیان ناردووە، بەڵام هەرزوو گرفتەكان زیندوبوونەتەوەو ناردنی ئەو بڕە پارەیە راگیراوە، ئەوەش لەكاتێكدا كە بیانوویان بۆ ئەوە بەردەوامی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم بووە كەداهاتەكەی بۆ بەغدا نەگەڕاوەتەوە.

هاوكات چاودێران باوەڕیانوایە ئەوەی وایكردووە بەغداو هەرێم نەگەن بەڕێككەوتنی یەكجارەكی، چارەسەرنەكردنی پرسی نەوتی هەرێم و  فشاری جەماوەری و پەرلەمانیی عێراقە لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە مەرجی رادەستكردنی یەكجارەكی نەوت و تەواوی داهاتەكانیان خستووەتە بەردەم هەرێم لەبەرامبەر رادەستكردنی بەشەبودجەی تەواوەتی، هەرێمیش بەمە رازی نەبووەو كێشەكان بەمجۆرە ماونەتەوە كە لەئێستادا لەئارادان.

بۆ داهاتووش نازانرێت ئایا پرسی نەوت وەكو ساڵانی رابردوو دەبێتە كێشە بۆ بودجەی هەرێم یاخود ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار