ئێران داوای راگرتنی هێرشەکانی تورکیا دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران داوا لە تورکیا دەکات هێرشەکانی بۆسەر باکوری سوریا رابگرێت و رایدەگەیەنێت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چارەسەری کێشەکانی ئەنکەرە ناکات.
حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەولود چاڤۆشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای کرد ئەو وڵاتە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە خاکی سوریا رابگرێت.
عەبدوڵاهیان وتویەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نیگەرانییەکانی ئەنقەرە تێدەگات و ئامادەیە هاوکاریی تورکیا بکات بۆ چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ سوریا. وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەزیری دەرەوەی تورکیای وتوە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هێرشی وشکانی بۆ خاکی سوریا، کێشەکان زیاتر ئاڵۆز دەکات و پێویستە ئەنقەرە و دیمەشق بەردەوامبن لەسەر گفتوگۆ و کۆبونەوەی تایبەت بە ئاسایشی سنورەکانی نێوانیان.
داواکارییەکەی ئێران بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە کاتێکدایە سوپای پاسداران بە بیانوی هێرشکردنە سەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی دژی هەرێمی کوردستان دەکات و بۆ ئەو مەبەستە تانک و زرێپۆشی لە سنورەکانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان جێگیر کردوە.