کەناڵی ئەلجەزیرە مامەڵەیەکی روسیا و تورکیا لەسەر رۆژئاوا ئاشکرا دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کەناڵی ئەلجەزیرە رایگەیاند، بەرپرسانی روسیا و تورکیا لەبارەی رۆژئاوای کوردستان، چەندین پەیوەندیان ئەنجامداوە و تورکیا داواکاریەکی ئاڕاستەی روسیا کردووە، بەڵام روسیا جێگرەوەی بۆ داواکاریەکەی تورکیا پێشنیاز کردووە کە دەردەکەوێت هەردوولا چاویان بڕیوەتە، شارەکانی کۆبانێ، تەل رەفعەت و منبجی رۆژئاوای کوردستان.

کەناڵی ئەلجەزیرە لە زاری بەرپرسێکی باڵای تورکیا مامەڵەیەکی روسیا و تورکیا لەسەر رۆژئاوا ئاشکرا کردووە. ئەو بەرپرسەی تورکیا رایگەیاندووە، بەرپرسانی وڵاتەکەی، روسیایان ئاگادار کردووتەوە کە نیازی ئۆپراسیۆنی زەمینیان بۆسەر هەندێک شار و ناوچەی رۆژئاوای کوردستان هەیە و کاتی ئۆپراسیۆنەکەشیان دیاری کردووە.

باسی ئەوەشی کردووە کە تورکیا داوای لە روسیا کردووە، ئەگەر شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە شارەکانی کۆبانێ، تەل رەفعەت و منبج بکشێنەوە، ئەوا ئۆپراسیۆنەکە ئەنجام نادەن، بەڵام روسیا بەوە رازی نەبووە و پرۆژەیەکی دیکەی وەک جێگرەوە پێشکەش بە تورکیا کردووە.

بەرپرسە تورکەکە بە کەناڵەکەی راگەیاندووە، روسیا پێشنیازی کردووە کە هێزەکانی سوریا لەو شارانە بڵاوەیان پێبکرێت، بەڵام تورکیا قبوڵی نەکردووە. بەگوێرەی ئەو دانوستانەی کە لەنێوان هەردوولا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە هەردوولایەن دەیانەوێت، بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن و بە تایبەتی چاویان بڕیوەتە، تەل رەفعەت، کۆبانێ و منبج.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، ئەلێکساندەر چایکۆ فەرماندەی هێزەکانی روسیا لە سوریا، پەیوەندیەکی تەلەفونی لەگەڵ مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە ئەنجام دابوو. لە پەیوەندیە تەلەفونیەکەدا چایکۆ داواکاری تورکیای گەیاندووتە هەسەدە کە دەبێت لە ناوچە سنوریەکان بکشێنەوە و وتویەتی، " روسیا پێشنیازی کردووە، هێزەکانی روسیا بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لە سنورەکانی تورکیا و روسیا جێگیر بکرێن. بەڵام مەزلۆم کۆبانێ کشانەوەی هێزەکانی لە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان رەتکردووتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار