حكومەتی هەرێم هیچ بەنداوێكی ستراتیژی لەگەرمیان درووست نەكردووە

بەنداوی باوەنور كاركردن تیایدا راگیراوەو 9 ساڵە تەنها 5%ی تەواوكراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



نیگار عومەر

حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا لەسنوری  گەرمیان هیچ بەنداوێكی ستراتیژی دروستنەكردووە، ئەو بەنداوانەش كەكراون  بەنداوی بچووكن و بەگوێرەی پێویستی ناوچكە نین تا بتوانرێت سود لەسەرچاوەی ئاوی باران وەربگیرت و پارێزگاری لەئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی بكات، تائێستا دوو بەنداو دروستكراون كەئەوانیش ئاوەسپی و  بەنداوی باوەشاسوارە، بەنداوی باوەنور كە بەبەنداوێكی گەورە وەسفدەكرێت تەنها لەسەدا پێنجی كارەكانی تەواوكراوەو ماوەی هەشت ساڵیشە كاركردن تیایدا راگیراوە، 10 پۆند لەسنورەكە بۆ كۆكردنەوەی ئاو دروستكراوەو شارەزایەكی دەرامەتی ئاویش دەڵێت: حكومەت كارە سەرەكییەكەی خۆی لەبواری ئاودا بیرچووەتە كە دروستكردنی بەنداوە، ئێستا پۆند دروستدەكات، ئەوە لەكاتێكدایە كەمئاوی و وشەكەساڵی هەڕەشەیەكی جدییە لەسەر ناوچەكە.

لەسنوری گەرمیاندا لەساڵی 2013ەوە بڕیاری دروستكردنی بەنداوی باوەنور دەرچووەو تەنها پێنج لەسەدی كارەكانی كراو لەساڵی 2014ەوە كاركردن تێیدا راگیراوە، جگە لەم بەنداوە بەنداوی خۆرنەوازانە كەدەكەوێتە سنوری ناوچەی داودەو نزیكە لەتەواوبوون پێنج لەسەدی كاركانی ماوە تەواوبكرێت، بڕی بودجەی تەرخانكراو بۆ پرۆژەكەش 244 ملیار دینارەو بەبەنداوێكی گرنگ و ستراتیژی دادەنرێت بۆ سنورەكە.

بەنداوی بەردەسور كە بەیەكێک لە بەنداوە ستراتیجیەكان دادەنرێت بۆ گەرمیان نەخشەو پلانی كاری بۆ داڕێژراو رەوانەی ئەنجومەنی وەزران كراو هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

موئەیەد ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاودێری گەرمیان بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەگەرمیاندا لەئێستادا 10 پۆند ئاوی تێدایە كە سێ دانەیان لەسەر ئەركی رێكخراوەكان دروستكراوە  لەسنوری گوندەكان كە شەش دانەیان دەكەوێتە سنوری ناحیەی قۆرەتووەوە،  كاركردن لە سێ پۆندی دیكەدا بەردەوامەو چاوەڕوان دەكرێت لەم نزیكانەدا تەواو بكرێت».

وتیشی: « ئەم دە پۆندە توانای كۆكرنەوەی دوو ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە هەر پۆندێك نزیكەی 150 بۆ 500 مەترسێجا ئاو كۆدەكاتەوە هەر پۆندێك نزیكەی ملیارێك دیناری دەوێ بۆ دروستكردنی».

بەڕێوەبەری ئاودێری گەرمیان دەڵێت:» داوامان كردووە 14 پۆندی دیكە دروستبكرێت، ئەم پۆندانەش بەزۆری  دەكەونە سنوری قەزای كفرییەوە كە دەزانین گوندەكانی ئەو سنورەكە وشك و بێئاون، ئەم پۆندانە سودێكی باشی هەیە بۆ ئەو گوندانەی كە دانیشتوانەكانیان بەهۆی وشكەساڵی و بێئاوی ناچاری كۆچكردن بوون و بەم هەنگاوە گوندەكان لەچۆڵبوون دەپارێزێت».

عەدنان عەلی بەڕێوەبەری ناحیەی باوەنور بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: « بەنداوی باوەنور لەساڵی 2013 بڕیاری دروستكردنی دراوەو لەسەدا شەشی كارەكانی تەواوبووەو لەساڵی 2014وە  كاركردن لەپرۆژەكەدا  راگیراوەو هەندێ كات ناوبەناو كەپارە خەرج كرابێت كاری تێداكراوەو ئێستا بەتەواوەتی كاركردن تێیدا راگیراوە، بڕی بودجەی تەرخان كراو بۆ پرۆژەكەش 244 ملیار دینارە «.

وتیشی:» هۆكاری راگرتنی پرۆژەكە پەیوەندی بەقەیرانی داراییەوە هەیە، ئێمە بەبەردەوام داوامانكردووە كە بوجەی پێویستی بۆ تەرخانبكرێت و دووبارە كاركردن تێدا دەستپێبكاتەوەو رەنگە بەشێكیشی پەیوەندی بەوە هەبێت كەگەرمیان پشتگوێخراوە لەزۆربەی رووەكانەوە «.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» درێژی بەنداوەكە 880 مەترەو توانای گلدانەوەی 50 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە، دەتوانێت 33 مێگاوات كارەبا بەرهەمبهێنێت، بەتەواوبوونی ئەم بەنداوە سوودێكی گرنگی دەبێت بۆ ناوچەكە».

 عەبدولموتەلیب رەفعەت، پسپۆری دەرامەتی ئاوو ژینگە بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: «بەداخەوە لەگەرمیان نەتوانراوە وەك پێویست بەنداو دروستبكرێت، حكومەت ئیشە سەرەكیەكەی  بیرچووەتەوەو ئێستا لەجێگەی بەنداو پۆند دروستدەكات، ئێمە گەر بەنداوی ستراتیجیمان هەبوایە دەمانتوانی لەم چەندڕۆژەی باران باریندا ملیۆنەها مەترسێجا ئاو كۆبكەینەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو ئاوی بارانە نەمانتوانی سودی لێببینین، تەنها جگە لەپۆند و بەنداوە بچووكەكاندا ئاو كۆكراوەتەوە ئەوەی دیكەی بەفیڕۆچووە».

هاوكات جەلال شێخ نوری سەرپەشتیاری ئیداری گەرمیان بەهاوڵاتی راگەیاند:» بەنداوی خۆرنەوەزان نزیكەی پێج لەسەدی كارەكانی ماوە كە تەواوببێت بەتەواوبوونی بەنداوەكە بەسەرچاوەیەكی گرنگی كۆكردنەوەی ئاو دادەنرێت بۆ ناوچەكە، بەنداوی بەردەسور كە بەبەنداوێكی ستراتیجی دادەنرێت نەخشەو پلان و دەرخستەی تەواوكراوەو نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەڵام تائێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە كە بەپێنجەم بەنداو دادەنرێت لەكوردستان «.

وتیشی:»هۆكاری تەواونەكردن و دروستنەكردنی بەنداو لەگەرمیاندا بەهۆی قەیرانی داراییەوەیە، لەهەوڵداین كە لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كار بۆ دروستكردنی ئەو بەنداوانە بكەین».

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» لەم ماوانەدا بەئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار بەردی بناغەی سێ پۆندمان داناوە لە سنوری  گەرمیان كە ئەم پۆندانە گرنگی خۆی هەیە بۆ دانیشتوانی گوندەكان».

هەروەها عەبدولموتەلیب رەفعەت جەختیكردەوە:» پێویستە حكومەت خەمێك لەدروستكردنی ئەو دوو بەنداوە بخوات كەبەنداوی باوەنورو بەردەسورە كە بەچوارەم و پێجەم بەنداو دادەنرێن لەكوردستان  و ئەو بەنداوانەی كە هەن بچووكن تەنها بەنداوی ئاوەسپی  15 ملیۆن مەترسێجا ئاو دەگرێت، ئەوانی دیكە پێنج بۆ شەش ملیۆن مەترسێجا ئاو دەگرن، چونكە لەئێستادا سەردەم سەردەمی گۆڕانی كەشوهەوایەو رەنگە لەچەندساڵی داهاتوودا جەنگی ئاو لەعێراق و جیهانیشدا دروست ببێت و گەرمیان بەگوێرەی تایبەتمەندی ئاووهەواكەی پێویستە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و بەنداوی زیاتر بۆ دروستبكرێت».

«دروستكردنی پۆندەكان بەگوێرەی پێویستی ناوچەكە نین و مەترسی لەسەر وشكی رووباری سیروان هەیە، تەنها دەتوانین لەئاوی باران بەهەبوونی بەنداو ئاوی پێویست كۆبكەینەوە، پێویستە بەنداوەكان بەشێوەی زانستی دروستبكرێن و سیستەمی نوێی كشتوكاڵ پەیڕەو بكرێت لەگەڵ گۆڕانە كەشوهەواكانیشدا مامەڵەیەكی باش بكرێت»، عەبدولموتەلیب رەفعەت وای وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار