سزای سێدارە بەسەر پێنج خۆپیشاندەری دیکەی ئێراندا دەسەپێت

ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان

2 ساڵ لەمەوپێش



دەزگای داد لە ئێران بڕیاری سێدارەی بەسەر پێنج خۆپیشاندەری دیکەدا سەپاند و سزای زیندانیی درێژماوەی بۆ 11 خۆپیشاندریش بڕیەوە.

مەسعود ستایشی، وتەبێژی دەزگای داد لە ئێران بە میدیاکانی راگەیاند؛ لە چوارچێوەی سزادانی خۆپیشاندەراندا سزای سێدار بەسەر پێنج کەسی دیکەدا سەپێنراوە بەهۆی کوژرانی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانەوە.

ستایشی رونی کردوەتەوە ئەو پێنج کەسە تۆمەتبارن بە کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە رێوڕەسمی چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی، یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە.

هەر لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەدا 11 کەسی دیکە کە سێ کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە سزای زیندانیی درێژماوەیان بەسەردا سەپاندوە و دەزگای دادی ئێران جەختی لەوە کردوەتەوە تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدا ناوە کە دەستیان هەبوە لە کوشتنی ئەو ئەندامەی هێزە ئەمنییەکان.

بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە 28 خۆپیشاندەر مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەیان لەسەرە و بەوەش تا ئێستا سزای سێدارەی 31 کەس یەکلایی بوەتەوە کە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر و دادگایی کراون.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردوە زیاتر لە 18 هەزار کەس بە تۆمەتی جیاواز لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون و بەو تۆمەتانەشی لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە دەسەپێنرێت زیاتر لە 50 کەس لە یەکەم دادگاییدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی زیاترین سزای سێدارەی تێدا جێبەجێ دەکرێت و بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەکەشی یەکەم وڵاتە کە زیاترین سزای سێداری تێدا جێبەجێ دەکرێت و دوای ئەو وڵاتەش چین دوەم وڵاتە لە روی جێبەجێکردنی سزای سێدارەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار