رۆژهەڵاتی کوردستان 81 رۆژە پێشەنگی ناڕەزیەتییەکانی ئێرانە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

81 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و مانگرتن دوکانداران و کاسبکاران بەڕێوچو و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەڕەشەی لەو کەسانە کرد کە پابەندی پۆشینی سەرپۆش نابن و سەرکردەیەکی ریفۆرمخوازانیش پشتیوانیی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکان دەربڕی. ناوەندێکی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە لانیکەم 473 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی 81 رۆژی رابردودا کوژراون کە لەو ژمارەیە نزیکەی 120 کەسیان لە شارەکانی رۆژهەلاتی کوردستان بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی سێشەممە دوکان و بازاڕەکان وەک دەربڕین و بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان نەکرانەوە. کاسبکارانیش لە لایەن لیژنەکانی حکومەتەوە روبەڕوی هەڕەشە بونەوە و لە سنە ، جوانڕۆ ، کامیاران، روانسەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەیان دوکان وەک سزادان لە لایەن دەسەڵاتەوە کلۆم کران و داخران. لەگەڵ مانگرتنی کاسبکاران زرۆبەی مامۆستایان و خوێندکارانی رۆژهەڵات بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد.

هاوکات مانگرتنی کرێکارانی گەورەترین کارگەی تواندنەوەی ئاسن لە ئەسفەهان و پتڕۆکیمایی لە شاری سنە بەردەوامبو. لە زۆربەی زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەمڕۆش گردبونەوە و بایکۆتی هۆلەکانی خوێندن بەردەوام بو لە زانکۆی هونەر لە تاران سرود بۆ ناڕەزایەتییەکان وترایە. شەوی سێشەممە گەنجانی شاری سنە دوبارە هاتنەوە سەر شەقامەکان و بە کردنەوەی ئاگر و وتنەوەی دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە شاری ئەنزەلی لە باکوری ئێران ناڕەزایەتیی بەرفراوان بەڕێوەچو و هێزە ئەمنییەکانیش بە غازی فڕمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد. بە بەشداریی جەماەرێکی زۆری شاری مەهاباد چلەی مەرگی زانیار ئەبوبەکری لە گۆرستانی ئەو شارە بەڕێوەچو.

زانیار ئەبوبەکری دوای بەشداریی لە خاکسپاردنی یەکێکی دیکە لە کوژراوانی مەهاباد ئەویش بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران پێکرا و دوای رۆژێک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. محەمەد خاتەمی،سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران و سەرکردەی ریفۆرمخواز داوای کردوە لە جیاتی مامەڵەی توند و ناڕەوا لەگەڵ خەڵکی ناڕازیی دەبێت دەسەڵات دەستی هاوکارییان بۆ بگرێتەوە. ئەو وتویەتی: دروشمی جوانی (ژن، ژیان، ئازادی) ئاماژەی رونی پێشکەوتن و هەنگاونانە بۆ داهاتویەکی گەش لە ئێران بۆیە نابێت بە ناوی پاراستنی ئاسایشەوە مافەکان و ئازادیی خەڵک و خۆپیشاندەران پێشێل بکرێت.

مەسعود ستایشی، وتەبێژی دەزگای داد لە ئێران بە میدیاکانی راگەیاند؛ لە چوارچێوەی سزادانی خۆپیشاندەراندا سزای سێدار بەسەر پێنج کەسی دیکەدا سەپێنراوە بەهۆی کوژرانی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانەوە. ستایشی رونی کردوەتەوە ئەو پێنج کەسە تۆمەتبارن بە کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە رێوڕەسمی چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی، یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە. ئەو بەیاننامەی خاتەمی کە بە بۆنەی رۆژی خوێندکاری زانکۆ لە ئێران بڵاو کراوەتەوە بە یەکەم هەڵوێستی فەرمی و پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی زیاتر لە 80 رۆژی رابردوی سەرکردەیەکی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەم دەدرێت.

ئەگەرچی 81 رۆژە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ وەستان و لە شارەکانی دیکەی وەک تاران و شارە گەورەکانیش بەردەوام بوە بەڵام پەرلەمانتارێکی توندڕەو لە پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردوە تا دو هەفتەی دیکە یاسا و رێساکانی سەرپۆش لە وڵاتەکە دەست پێدەکاتەوە.

حسین جەلالی، ئەندامەی دەستەیی فەرهەنگ و دابونەریت لە پەرلەمانی ئێران وتوشیەتی بە هاوکاریی دەزگای داد ئەو کچ و ژنانەی پابەندی پۆشین سەرپۆش نەبن لە ئێران، ئەژماری بانکییەکەی رادەگیرێت و داواتر سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت. لێدوانی ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدایە کە داواکاری گشتیی وڵاتەکە هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاقی راگەیاند و هاوکاتیش رونی کردەوە کە لەمەوداو دەزگای داد راستەوخۆ چاودێریی جیبەجێکرنی یاسای پۆشینی سەرپۆش دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار