سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکان دەردەبڕیت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خاتەمی: دروشمی جوانی ژن، ژیان، ئازادی ئاماژەیە بۆ داهاتوی گەش لە ئێران دوای 81 رۆژ ناڕەزایەتیی محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران و یەکێک لە دامەزرێنەرانی باڵی ریفۆرم لەو وڵاتە رایگەیاند دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ئاماژەی پێشکەوتنە و داهاتوی گەشە و دەبێت لە جیاتی سەرکوت هاوکاریی خۆپیشاندەران بکرێت.
خاتەمی رۆژی سێشەممە لە بەیننامەیەکدا داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد لە لایەنە خراپەکانی دەسەڵات تێبگەن و پێش ئەوە درەنگ ببێت بەرەو حوکمڕانییەکی باش و گونجاو هەنگاو بنێن.
سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران داوای کردوە لە جیاتی مامەڵەی توند و ناڕەوا لەگەڵ خەڵکی ناڕازیی دەبێت دەسەڵات دەستی هاوکارییان بۆ بگرێتەوە. ئەو وتویەتی: دروشمی جوانی (ژن، ژیان، ئازادی) ئاماژەی رونی پێشکەوتن و هەنگاونانە بۆ داهاتویەکی گەش لە ئێران بۆیە نابێت بە ناوی پاراستنی ئاسایشەوە مافەکان و ئازادیی خەڵک و خۆپیشاندەران پێشێل بکرێت.
ئەو بەیاننامەی خاتەمی کە بە بۆنەی رۆژی خوێندکاری زانکۆ لە ئێران بڵاو کراوەتەوە بە یەکەم هەڵوێستی فەرمی و پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی زیاتر لە 80 رۆژی رابردوی سەرکردەیەکی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەم دەدرێت.