ئەردۆغان جاریکی دیکە هەڕەشەی لە کۆبانێ کردەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کە گوێ لە داواکاری وڵاتانی جیهان بۆ وەستاندنی هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ناگرێت، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە شاری کۆبانێ کردەوە.

ئەردۆغان لە کۆبونەویەکدا لەگەڵ سەندیکای کرێکاری سەر بە دەسەڵات قسەی کرد و جارێکی دیکە رۆژئاوای کوردستانی وەک ئامانج نیشاندا.

ئەردۆغان وتی، دەڵێن ناتوانن دەست بۆ کۆبانێ بەرن. ئەگەر هەڕەشە لە باکوری سوریاوە بێتە سەرمان، سەرچاوەکەی لەناو دەبەین. لە ئیدلب بێن یان کۆبانێ، چی پێویست بکات دەیکەین."

'ئێوە دوژمنی سوێندخواردووی کوردن'

ساروخان ئوکتای سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی تورکیادا باسی لە دۆسیەی کۆبانێ کرد کە لە ئیستادا لە دادگایە و چەندین پەرلەمانتار و سیاسەتمەداری کورد لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەیەدا دادگایی دەکرێن و وتی، "ئێوە هەوڵی داخستنی پارتەکەمان دەدەن. چەندین سیاسی ئێمەتان دەستگیرکردووە و لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری ئازادکردنیانیداوە، بەڵام ئازاد ناکرێن. لەم وڵاتەدا چەندین دەسەڵاتی دوژمنی کورد هاتن و رۆیشتن، بەڵام هیچیان وەک ئێوە دوژمنی سوێندخواردووی کورد نین. ئێوە دوژمنی، کوردستانی عێراق، رۆژئاوای کوردستانن. ئێوە دەتانەویت شاری کۆبانێ لەناوببەن کە دڵی گەلی کوردە. باشە لەمە زیاتر دوژمنایەتیەک لەدژی کورد هەیە؟"

هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشی زەمینی لەکاتێکدایە کە زیاتر لە دوو حەفتەیە بە بەردەوامی گوند و شارەکانی رۆژئاوای کوردستان تۆپباران و بۆردومان دەکرێن. ئەمرۆش بەگوێرەی میدیاکانی ئەو بەشەی کوردستان، چەندین گوندی کۆبانێ، زرگان و تەل تەمر تۆپباران کراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار