بۆ یەکەمجار سەرۆکی هەنگاریا بەفەرمی سەردانی عێراق و هەرێم دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میدیای هەنگاریا رایگەیاند، کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرەو عێراق بەڕێدەکەوێت و رۆژی هەینیش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆپێنجشەممە، میدیاکانی هەنگاریا بڵاویان کردەوە، کاتالین نۆڤاک کە یەکەمین خانمە پۆستی سەرۆکایەتی هەنگاریای وەرگرتبێت، بەرەوعێراق بەڕێدەکەوێت و دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە لە مێژوودا سەردانی عێراقی کردبێت.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەنگاریا، خانمە سەرۆکەکە تاوەکو شەممە لە عێراق دەمێنێتەوە، بڕیارە لەو ماوەیەدا سەردانی هێزەکانی هەنگاریا بکات کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکراون.
سەرۆکی هەنگاریا هەروەها سەردانی ئەو پڕۆژە مرۆییانە دەکات کە بە سەرپەرشتیی بەرنامەی هاریکاری هەنگاری لە عێراق و هەرێـمی کوردستان جێبەجێکراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەنگاریا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە و پێشتریش پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاشکرای کرد، ١٧٠ سەربازیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکراونو ژمارەیەک سەربازی دیکەیان لە چوارچێوەی ئەرکی ناتۆدا، مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن.
هاوکات بەگوێرەی ماڵپەڕی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە ساڵی 2014ـەوە، هەنگاریا دوو ملیۆن و 200 هەزار یۆرۆی وەکو یارمەتی بە عێراقداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و قەیرانانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی داعش دروستبوون.