دەسەڵاتی ئێران 83 رۆژە بە سێدارە و سزای توند نەیتوانیوە ناڕەزایەتییەکان کپ بکات
2 ساڵ لەمەوپێش
83 رۆژە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و ئەمڕۆش لە سنە و ئەراک و دزفول و چەند شارێک رێوڕەسمی جەماوەریی بۆ کوژاوانی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوەچو و دەسەڵاتیش بە هەموشێوەیەک هەوڵی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکە دەدات
لە شاری سنە کەشێکی ئەمنی و سەربازیی باڵی لەسەر شارەکەدا کێشا و هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر خەڵک لە بازاڕای بالە (تاناکۆرا) لەو شارە.
هاوکات سەرەڕای هەمو رێگرییەکان جەماوەرێکی زۆری خەڵکی شاری سنە بە رێپێوان چونە بەردەم ماڵی هومەن عەبدوڵڵاهی کە شەوی چوارشەممە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کوژرا و هێزە ئەمنییەکانیش دوای رفاندنی تەرمەکەی رێگەیان نەدا بە بەشداریی جەماوەریی بەخاک بسپێردرێت.
لە دەستپێکی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەنها لە شاری سنە 17 گەنج و لاوی ئەو شارە کوژراون.
هەر لەو شارە بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر رێوڕەسمی چلەی مەرگی سارینا ساعدی، بەڕێوچو کە بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا.
هاوشێوەی سنە لە شاری پیرانشار بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر رێوڕەسمی چلەی مەرگی کۆمار دەرئۆفتادە ئەو لاوە 16 ساڵەی بەهۆی گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرابو، بەڕێوەچو.
دوای ئەوەی رۆژی رابردو پزیشکێک بە ناوی ئیمان نەوابی لە نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رفێنرا تا ئێستا چارەنوسی نادیارە و سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بەوەدەکەن ئەو پزیشکی نەشتەرگەرییە کە خەڵکی شاری مەشهەد-ە لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران خزمەتی زۆری بە نەخۆش و بریندارەکانی ماوەی رابردوی ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە کردوە و داوای پشتیوانیی جەماوەری بۆ ئەو پزیشکە دەکرێت.
لە ئەراک سەر بە پارێزگای (مەرکەزی) لە ئێران رێوڕەسمی چلەی مەرگی مێهرشاد شەهیدی، یەکێک لە کوژراوانی شارەکە بەڕێوچو و هێزێکی زۆری ئەمنیش لە دەوری گۆرستان و ناو ئەو شارە بڵاوەیان پێکرا.
لە شاری دێزفول لە پارێزگای خوزستان رێوڕەسمی چلەی محەمەد قایمیفەر بەڕێوچو و بەشداربوانی رێوڕەسمەکەش دروشمیان لە دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە.
هاوکات لە شاری رامسەر لە باکوری ئێران رێوڕەسمی جەماوەریی بۆ چلەی مەرگی مائیدە جەوانفەر ئەو کچە پەرستارەی کە بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرابو بەڕێوچو، جوانفەر تەمەنی 28 ساڵ بو کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری رەشت کوژرا.
ئەمشەو هێرش کرایە سەر بینای داواکاری گشتی لە شاری مازەندەران لە باکوری ئێران و بیناکە سوتێنرا.
لە شاری جوانڕۆ پێکدادان لە نێوان کاسباران و دوکانداری شارەکە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان رویدا و سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەسەڵات لە سێ رۆژی رابردودا ژمارەیەک زۆر لە دوکان و بازاڕ و کاسبکارانی بە بیانوی بەشداریی لە مانگرتنی سەرتاسەریی سزا داوە و زۆربەی ئەو دوکانانەش بۆ ماوەیەک مانگێک کلۆم و داخراون.
شەوی پێنجشەممە گەنجانی شارەکانی سەقز و سنە بە کردنەوەی ئاگر لە چەند شەقام و گەڕەکێک بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی و دروشم دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسانی وترایەوە.
هاوکات لەگەڵ سنە و سەقز و چەند شارێکی دیکە بە شەو لە چەند شەقامێکی شاری تاران و یەزد و مەشهەد ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و دروشم دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە وترایەوە.
ئەمڕۆش لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بۆ سێیەمین رۆژی مانگرتنی سەرتاسەریی هاوشێوەی زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەندێک شاری ئێران بەردەوامبو و زۆربەی دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە.
لە سێدارەدانی موحسین شکاری لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە کاردانەوەی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی لە رۆژهەڵات و ئێران لێکەوتوەتەوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی 10 خۆپیشاندەری دیکە و هاوکات هەر ئەمڕۆ دەزگای داد لە وڵاتەکە ئاگادرکردنەوەی سزای سێدارەی بۆ کەسوکاری سامان یاسین، هونەرمەندی کورد لە کرماشان ناردەوە.
سامان یاسین لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج دەستگیرکرا و دادگای ئەو شارە بە تۆمەتی دژایەتی خودا و تێکدانی ئاساێشی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند.
بە پێی زانیارییەکان چوار کورد لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر و دواتر دادگایی کراون مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.