پلاسخارت: بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و تایبەتی پێویستە کۆتایی پێ بهێنرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق لە ڕۆژی جیهانیی دژە گەندەڵیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گەندەڵی بەربڵاو یەكێكە لەو ئاڵنگاریە گەورانەی روبەروی عێراق بوەتەوە، بۆیە کاتی ئەوەیە بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ بەرژەوەندیی حزبی و تایبەتی کۆتایی پێبهێنرێت و دابینکردنی لێپرسینەوەش لەتەواوی پرۆسەکەدا لەوپەڕی گرینگیدایە.
ئەمڕۆی هەینی، جێنین هێنیس پلاسخارت پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە،گەندەڵیی بەربڵاو و سیستەماتیکی یەکێکە لەو ئاڵنگارییە هەرە گەورانەی رووبەڕووی عێراق بووەتەوە.
جێنین هێنیس پلاسخارت لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "گەندەڵیی بەربڵاو و سیستەماتیکی یەکێکە لەو ئاڵنگارییە هەرە گەورانەی کە روبەڕوی عێراق بوەتەوە. تێچوە ئابورییەکەی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لەڕاددەبەدەرە چونکە دەبێتە مایەی لاوازکردنی پێشکەوتن و بێبەشکردنی هاوڵاتیان لە مافەکانیان و کزکردنی وەبەرهێنانی جیهانی و بە ناڕەوایی بردنی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ خەڵک لەڕوی قوتابخانە و نەخۆشخانە و چەندین خزمەتگوزاری تر پێویستن."
دەشڵێت، "من زۆر جار بە تایبەتیش لەم دواییەدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی تشرینی یەکەمدا وتم کە گەندەڵی هۆکاری سەرەکیی پەکخستنە و گەر هەر بەم شێوەی ئێستاش درێژەی هەبێت ئەوە دوا جار بە خراپ بەسەر وڵاتدا دەشکێتەوە."
باسی لەوەشکردووە، کەیسی هەرە بەناوبانگی گەندەڵی لە عێراق، کە بە "دزی سەدە"ش ناسراوە، بەداخەوە دواهەمین نابێت و هەر بۆیە هیوادارین ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوە.
پلاسخارت وتیشی،ڕاستە حکومەت چەندین هەنگاوی هاندەری ناوە بەڵام ئەوەش شاراوە نییە کە رەنگە ئەم هەنگاوانە یان تووشی بەربەست بن یانیش لاواز بکرێن لەلایەن ئەو کەسانەی کە لەم پرۆسەیەدا تووشی زیان دەبن. بەڵام رێگەم بدەن با ئەوە دووپات بکەمەوە کە ئەم جۆرە کەسانە هەرگیز نابێت ئەو بوارەیان پێ بدرێت.
لە پەیامەکەیدا دەڵێت ئەمساڵ، لە رۆژی جیهانیی دژەگەندەڵی هەوڵ دەدات کە پەیوەندیی بەهێزی نێوان ئاشتی و دژە گەندەڵی و سەقامگیری و گەشەپێدان بە زەقی بخاتە ڕوو. سەرباسی "یەکخستنی جیهان بۆ دژایەتی گەندەڵی" جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم تاوانە ماف و بەرپرسیاریی هەموو کەسێکە، هەروەها ، هەر بەم گیانە و لەپێناوی نەوەکانی داهاتوودا، با هەموومان بە یەکەوە لە عێراق و شوێنەکانی تریش، چی وەکو تاکە کەس و چی وەک ئەوانەی کاربەدەستن، شەڕی لێپێچینەوە و واڵایی (شەفافیەت) و سەروەری یاسا بکەین بۆ ئەوەی بتوانین سیستەمێک دروست کەین کە پێویستییەکانی کۆمەڵگا دابین بکات لەجیاتی خزمەتکردنی توێژێکی داخراو کە بایەخیان بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زۆر کەمە.
لە کۆتایدا وتیشی،بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و تایبەتی پێویستە کۆتایی پێ بهێنرێت و دابینکردنی لێپێچینەوەش لەتەواوی پرۆسەکەدا لەوپەڕی گرینگیدایە.