گەنجێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا

شادمان ئەحمەدی

2 ساڵ لەمەوپێش



سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەزگای دادی ئێران مەرگی گەنجێکی شاری دێولان لە پارێزگای سنە دوای یەک رۆژ دەستبەسەریی راگەیاندوە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردوە شادمان ئەحمەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رفێنراوە و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە.

هاوکات لانیکەم پێنج گەنجی شاری شنۆ بە بیانویی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.

تا ئێستا نزیکەی 10 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا سزای سێدارایان بەسەردا سەپێنراوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتیش ئاماژەیان بەوە کردوە لانیکەم شەش هەزار کەس لەو بەشەی کوردستان دەستگیر و دەستبەسەر کراون و مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە.

وەزارەت دەرەوەی ئۆسترالیا رۆژی شەممە رایگەیاند وڵاتەکەی لە بەرامبەر سەرکوت و سێدارە، لە ئێران سزا بەسەر پۆلیسی ئەخلاق و 26 بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندوە.

رۆژی رابردوش، جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە؛ لە رێگەی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە داوا لە دەسەڵاتی ئێران کراوە سزای سێدارە و سەرکوتی خۆپیشاندەران رابگیرێت.

بە پێی دوایین ئامار لە 84 رۆژی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانیکەم 478 کەس کوژراون کە 125 کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار