سێدارە شەقامەکانی رۆژهەڵات و ئێران بێدەنگ ناکات

دەسەڵاتی ئێران هەڕەشەی جێبەجێکردنی زیاتری سزای سێدارە دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



85 رۆژە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و سەرەڕای هۆشدارییەکانی وڵاتانی جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتی ئێران پێداگریی لە سێدارەدانی خۆپیشاندەران دەکات و هاوکات هەڕەشەی ئەوە دەکرێت کە یاساکانی باڵاپۆشی و سەرپۆش دوبارە جێبەجێ دەکرێنەوە.

رۆژی شەممە لە سنە و تاران و کەرەج و گیلان و چەند شارێکی دیکە گردبونەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و هێزە ئەمنییەکان لە تاران و سنە هێرشیان کردە سەر خەڵک و گازی فرمێسکڕێژیان بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکارهێنا.

ئەنجومەنی باڵای شۆڕی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ لە چەند رۆژی داهاتودا یاسا و رێساکانی تایبەت بە باڵاپۆشی و سەرپۆش بە توندی جێبەجێ دەکرێتەوە و "زۆرینەی خەڵکی وڵاتەکە موسوڵمانن".

ئەمڕۆ بۆ پێنجەم رۆژ لەسەر یەک زۆربەی دوکان و بازاڕەکانی شاری سنە وەک دەبڕینی ناڕەزایەتیی نەکرانە و تا ئێستا نزیکەی 800 دوکان و کاسبکاری ئەو شارە بە بیانوی بەشداریی لە مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سزا دراون.

هەر ئەمڕۆ لە زۆربەی زانکۆکانی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران گردبونەوە و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوامبو و خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە رێپێوانیان کرد و لە چەند شەقامێکی ئەو شارە دروشمیان دژی دەسەڵاتی وڵاتەکە وتەوە.

هەر لە زانکۆی تاران بنکە و نوسینگەی هێزەکانی (بەسیج)ی سەر بە سوپای پاسداران سوتێنرا و بە شەویش لە چەند شەقامێکی سەرەکیی وەک سەتتارخان و نارمەک و نازی ئاباد خۆپیشاندان و دروشم وتنەوە دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچو.

گەنجێک بە ناوی ماهان سەدرات تەمەن 23 ساڵ ئەمڕۆ شەممە بە تۆمەتی خۆپیشاندان و بەشداریی لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا و پارێزەرەکەشی رایگەیاند؛ سزاکەی رەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە.

چالاکوانانی مەدەنی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە ماهان مەترسیی سێدارەی لەسەرە و رەنگە سزاکەی لە زوترین کاتدا جێبەجێ بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە لانیکەم پێنج گەنجی شاری شنۆ بە بیانویی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و دژایەتی خودا خراوەتە پاڵیان بۆ ئەوەی سزای سێدارەیان بەسەردا بسەپێنرێت و لەسێدارە بدرێن.

ناوەندەکانی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردوە لە رۆژی هەینی و شەممە زیاتر لە 30 گەنج و لاوی دیکەی چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کرماشان و پاوە و سنە و سەقز دەستگیرکراون و چارەنوسیان دیار نییە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەی ئاشکرای کرد بەڵگەکانی کوژرانی 44 منداڵ و لاوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تۆمار کردوە کە زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان 9 بۆ 17 ساڵ بوە و زۆرینەیان بە چەک و گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و دەسەڵاتی ئێران فشاری لە خانەوادە و بنەماڵەکانیان کردوە تەرمەکانیان لە گوندەکان دورەدەستەکان و بە بێ رێوڕەسمی جەماوەریی بەخاک بسپێرن.

بە پێی راپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی 20%ی ئەو منداڵ و لاوانە کورد بون و 40%ی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کوژراون.

پەرلەمانتارنی ئەڵمانیا هەوڵی رزگارکردنی ئەو خۆپیشاندەرە دەستگیرکراونە دەدەن کە سزای سێدارە دەیان گرێتەوە.

سێ پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا رایانگەیاند ئامادەن کەفالەتی سیاسیی سێ دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بگرنە ئەستۆ کە مەترسیی سێدارەدانیان لەسەر.

کارلۆس کاسپەر، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا رایگەیاندوە ئامادەیە کەفالەتی سامان یاسین ، هونەرمەندی شاری کرماشان بکات کە لە لایەن دەزگای دادی ئێران تۆمەتبار کراوە بە دژایەتیی خودا و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی کە سزای سێدارە دەیگرێتەوە دو پەرلەمانی دیکەش ئامادەییان دەربڕیوە کەفالەتی محەمەد بروغنی و توماج ساڵحی بکەن کە بە پێی ئەو تۆمەتانەی روبەڕویان بوتەوە سزای سێدارە دەیانگرێتەوە.

رێکخراوی پزیشکانی جیهان لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی بڕینەوەی سزای سێدارە بۆ پزیشکێکی ئێران کرد و داوایان لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەکرد کۆتایی بە سزای سێدارە بنێت.

حەمید قەرەحەسەنلو، پزیشکی رادیۆلۆژی لە ئێران بە تۆمەتی بەشداریی لە چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی و کوژرانی ئەندامێکی سوپای پاسداران لەو رێوڕەسمەدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە، قەرەحەسەنلو زیاتر لە 30 ساڵ ئەزمونی کاری پزیشکیی هەیە و یەکێک بوە لەو کەسانەی هەوڵی دروستکردنی خوێندنگەی لە ناوچە دورەدەست و هەژارەکانی ئێران داوە و هاوکاریی بۆ منداڵان کۆکردوەتەوە.

لە وڵاتانی دەرەوە دژی دەسەڵاتی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچو

لە شارەکانی کۆڵن، فرانکۆفۆرد و بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا خۆپیشاندان و رێپێوان و گردبونەوەی ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران و سزای سێدارە بەڕێوەچو.

لە شاری لەندەن لە بەریتانیا  و لە شاری کۆپنهاگ لە دانیمارک  و تۆکیۆ لە ژاپۆن و بوداپێست لە هەنگاریا و تورین و رۆما لە ئیتاڵیا و ئیستانبوڵ لە تورکیا و برۆکسێل لە بەلجیکا و پێرس و سیدنی لە ئۆسترالیا گردبونەوە و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار