دۆلار بەهایەکی دیکەی مێژویی لە ئێران تۆمار کرد
دۆلار و یۆرۆ بەهای مێژویی لە ئێران تۆمار دەکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی تاران بۆ 38 هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە و هاوشانی ئەویش بەهای یۆرۆ گەیشتە 40 هەزار تمەن.
رۆژی دوشەممە لەگەڵ گرژبونەوەی دۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی ئێران جارێکی دیکە بەهای دروای دۆلار بەرز دەبێتەوە و نرخی زیڕیش بەرزترین ئاستی خۆی لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتە تۆمار کرد.
نرخی هەر لیرەیەکی زیڕ لە ئێران کە بە (ئیمامی) ناودەهێنریت لە 18 ملیۆن و 900 هەزار تمەن بۆ 19 ملیۆن و 200 هەزار تمەن بەرز بوە و بە گشتی نرخی زێر لە وڵاتەکە بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بە پێی راپۆرتێکی ئابوریی ناوخۆی ئێران تا ئێستا دراوی تمەن 95%ی بەهای خۆی بەرامبەر بە دراوی دۆلار لەدەستداوە.
لە سەرەتای سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانەوە بەهای هەر دۆلارێک لە ئێران بە 30 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرا بەڵام دوای نزیکەی سێ مانگ لە بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان هەر دۆلارێک هەشت هەزار تمەن بەرزبونەوەی تۆمار کردوە و لە ئێستادا هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی وڵاتەکەدا بە 38 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێت.