سزای زیندانی بەسەر سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵدا سەپێنرا، بە هەزاران کەس دەستیان بە خۆپیشاندان کرد
2 ساڵ لەمەوپێش
داداگای ئەستەنبوڵ سزای زیندانی دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ سەپاند کە لەسەر لیستی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) هەڵبژێردراوە.
ئەمڕۆ، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو. حکومەتی هاوپەیمانی ئاکەپە / مەهەپە تۆمەتی ئەوەیان خستووەتە پاڵ ئیمامئۆغلۆ کە سووکایەتی بە ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کردووە.
دادگای تورکیا بەپێی مادەی ٥٣ی دەستوور، سزای زیندانی دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژی بەسەر ئیمامئۆغلۆدا سەپاند. دادگا کاتی دەستگیرکردن و جێبەجێکردنی سزاکەی ئاشکرا نەکرد. ئیمامئۆغلۆ دەتوانێت لە داداگی تێهەڵچوونەوە تانە لە بڕیاری دادگا بدات.
دوای بڕیاری دادگا، بە هەزاران لایەنگری جەهەپە لەبەردەم گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ کۆبونەوە و پشتگیری خۆیان بۆ ئیمامئۆغلۆ دەربڕی و رایانگەیاند، بڕیاری دادگا سیاسیە و قبوڵ ناکرێت.
ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ دوای بڕیاری دادگا بە کورتی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و رایگەیاند، پۆستی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ لەلایەن گەلەوە پێی دراوە و کەس ناتوانێت بە ئاسانی زەوتی بکات و وتی، " بە پشتگیری خوا تێکۆشانمان بەهێزتر دەکەین."
لەلایەکی دیکەوە کەمال کلچدارئۆغلۆ پەیامێکی فیدیۆیی لە تویتەرەکەیدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆشکەکەی تورکیا (کۆشکی ئەردۆغان) ناوەندی کودەتایە و دژی یاسایە.
لە ئێستادا لایەنگرێکی زۆری جەهەپە لەبەردەم گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ کۆبوونەتەوە و لەدژی دەسەڵاتی ئاکەپە / مەهەپە دروشم دەڵێنەوە.