'ئەردۆغان زۆر ترساوە'

2 ساڵ لەمەوپێش



کاتی پیری ریپۆرتەری پێشووی تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، ئەردۆغان زۆر ترساوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا شکست بهێنێت بۆیە سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستگیر دەکات. لەلایەکی دیکەوە سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە شەش ساڵە لە زینداندایە و پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ هەیە، تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕیاری دادگا بۆ سەپاندنی سزای زیندانی بەسەر ئیمامئۆغلۆدا، کودەتایە.

کاتی پیری تویتێکی لەبارەی سەپاندنی سزای زیندانی دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژ بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ کە سەر بە جەهەپەیە بڵاوکردەوە.

کاتی پیری لە تویتەکەیدا دەڵێت، لە کاتێکدا کە پێویست بوو، بڕیاری دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە جێبەجێ بکرێت، بەڵام سزای زیندانی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵدا دەسەپێندرێت.

پیری ئاماژەی بەوەکردووە، دیارە ئەردۆغان زۆر دەترسێت کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا شکست بهێنێت، بۆیەش سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستگیر دەکات."

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش لە توێتێکدا رایگەیاند، بڕیاری دادگا لەبەرامبەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ کودەتایە کە لەدژی ئیرادەی گەل کراوە.

ئەمڕۆ دادگای ئەستەنبوڵ سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆدا سەپاند. دادگا بەگوێرەی مادەی ٥٣ی دەستوری تورکیا، ئیمامئۆغلۆی بە سووکایەتیکردن بە بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا تۆمەتبار کرد. ئەگەری هەیە قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵات بەسەر ئیمامئۆغلۆدا بسەپێندرێت. تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراوە کە کەی ئیمامئۆغلۆ دەستگیر دەکرێت و دەتوانێت لە دادگای تێهەڵچوونەوە تانە لە بڕیاری دادگای ئەستەنبوڵ بدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار