محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەڵمانیا کۆبووەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەڵمانیا، یەنس بلۆتنەر پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان بەغدا و بەرلین لەسەرجەم بوارەکاندا تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەڵمانیا، یەنس بلۆتنەر و شاندی یاوەری و کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، یەنس بلۆتنەر بانگهێشتنامەیەکی راوێژکاری ئەڵمانیای گەیاندووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی سەردانی بەرلین بکات.
باسی لەوەش کردووە کە محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە لە گرنگی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان ھەردوو وڵات، خواستی عێراقی بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا نیشانداوە، بە تایبەتی لەبوارەکانی ئابووریی و وزەدا، ھەروەھا داوای لەکۆمپانیا ئەڵمانیەکان کردووە بۆ کاری وەبەرھێنان روو لە عێراق بکەن.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەگرنگی ھەوڵەکانی ئەڵمانیا و ھاریکاریکردنی عێراق لەچوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعشدا کردووە، ئومێدی کردووە کە ئەم ھاریکاریە لەچوارچێوەی راوێژ و مەشق و راھێناندا بەردەوامی ھەبێت.
راشیگەیاندووە لای خۆیەوە راوێژکاری ئاسایشی ئەڵمانیا، یەنس بلۆتنەر دووپاتی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی خوازیارە لەچەندین بواردا ھاریکارییەکانی لەگەڵ عێراق پتەوتر بکات، بەتایبەتی لە بواری وزە ، ھەروەھا دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق بەھێزتر بکات.