ئەمریکا و ئەوروپا هاتنە دەنگ: حکومەتی تورکیا، دەسەڵاتی دادوەری لەپێناو سیاسەتدا بەکار دەهێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا نارەزایەتیان لە بەرامبەر سەپاندنی سزای زیندانی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵدا پیشاندا و رایانگەیاند، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئازادیەکان و نادادپەروریە.

ڤێدانت پاتەل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەمبارەیەوە رایگەیاند، ئەو سزایەی کە دادگا بەسەر ئیمامئۆغلۆدا سەپاندوویەتی، ناڕەوایە و لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان و سەروەری یاسا ناگونجێت.

پاتەل باسی ئەوەی کرد کە ئەمریکا بە بەردەوامی چاودێری ئەو تۆمەتانە دەکات کە بەردەوام دەسەڵات ئاڕاستەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیا، سیاسەت و خاوەندکارەکان دەکات و داوای کرد، دیموکراسی لە تورکیا جێبەجێ بکرێت.

ناچۆ سانچێز ئامۆر، بەرپرسی کاروباری تورکیا لە پەرلەمانی ئەوروپاش لە تویتەردا وێنەیەکی خۆی لەگەڵ ئیمامئۆغڵو بڵاوکردەوە و و نووسیویەتی، دۆخی دادپەروەری لە تورکیا ترسناکە، دەسەڵاتی دادوەری بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردەهێنرێت، رۆژێکی زۆر دڵتەزێنە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا بڕیاری سەپاندنی سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی ب دواکەوتنی دیموکراسی لەو وڵاتەدا لەقەڵەمدا.

وەزارەتی دەرەوەئ ئەڵمانیا وتی، "ئازادی ڕادەربڕین گرنگترین بنەمایە بۆ کێبڕکێی دادپەروەرانە، بەتایبەتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا".

دوێنێ ١٤ی کانونی یەکەم، بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دادگای ئەستەنبوڵ سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ سەپاند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار