٩٠رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە

2 ساڵ لەمەوپێش



سێ مانگی تەواوە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و کچێکی 17ساڵی کورد دوای زیاتر لە دو مانگ دەستبەسەربون بە بارمتە ئازاد کرا.

لە تاران و مەشهەد و ئەسفەهان و ئیلام چالاکیی دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوامبو و بە پێی راپۆرتێکیش زۆربەی بریندارانی ناڕەزایەتییەکان رو لە نەخۆشخانە حکومییەکان ناکەن و نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش بە داشکاندنی بەرچاو چارەسەریی بریندارەکان دەکەن و دەیانپارێزن لە دەستگیرکردن هاوکات پزیشکان و پەرستارانیش بۆ پارێزراوبونی برینداران دەچنە ماڵەکانیان و چارەسەریان بۆ دەکەن.

وەزیری کەلتوری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە داوای لە هونەرمەندان و ئۆرکێستراکانی وڵاتەکەی کرد کە دوای سێ مانگ کارەکانیان دەست پێبکەنەوە کە ئەوەش ناڕەزایەتیی توندی هونەرمەندانی لێکەوتەوە.

د.قوتبەدین سادقی، درهێنەر و هونەرمەندی ناوداری کورد لە ئێران رایگەیاند؛ بە بڕیار و فەرمان ناتوانرێت دۆخی ناوخۆی وڵاتەکە ئاسایی بکرێتەوە و لە کاتێکدا کەمینەیەک سەرقاڵی سەرکوت و کوشتنی زۆرینەن و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاشتیی و تەبایی نانێن و پێیان وایە دەکرێت بە توندوتیژیی دۆخەکە چارەسەر بکەن.

بەڕێوبەری بەشی فریاگوزاریی تاران ئاشکرای کرد بەهۆی بڕیاری دەزگا ئەمنییەکان بۆ تۆمارکردنی ناوی بریندارەکان ، هیچ برینداریکی ناڕەزایەتییەکان رو لە نەخۆشخانەکانی حکومەت ناکەن و لە بەرامبەردا نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییە ئەهلییەکان بە داشکاندنی زیاتر لە 50% چارەسەری بریندارەکانیان کردوە.

بە پێی راپۆرتێکی پزیشکی ژمارەیەکی بەرچاو لە پزیشکان و پەرەستارانی سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە بێ بەرامبەر و لە ماڵەکانیان چارەسەری ئەو بریندارانەیان کردوە کە مەترسیی دەستگیرکردنیان لەسەربوە چونکە پێشتر ئەو پزیشک و پەرەستارانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و لە نەخۆشخانە حکومییەکان هێرشیان کراوەتە سەر.

لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە، زۆرینەی بریندارەکان گوللـەی ساچمەیی بەر چاو و سینگ و ئەندامەکانی زێ-یان کەوتوە کە ئەوەش ئاماژەی هێزە ئەمنییەکان بە ئەنقەست ئەو ئەندامانەی جەستەیان کردوەتە ئامانج.

 

ئەمشەو سۆنیا شەریفی تەمەن 17 ساڵ خەڵکی شاری ئاودانان لە پاریزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانە بە بارمتە ئازاد کرا ئەو کچە کە دادگایەکی ئێران بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان تۆمەتی (دژایەتیی خودا)ی داوەتە پاڵ و ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەو کچە کوردەدا هەیە.

جەماوەرێکی زۆری خەڵکی شاری ئاودانان پێشوازیان لە سۆنیا کرد.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەڵمانیا زۆرینەی پەرلەمانتاران داوایان کرد کار بکرێت بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران لە یەکێتی ئەوروپا بخرێتە لیستی تیرۆرە.

ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران هەرانا بڵاوی کردوەتەوە ژمارەی کوژراوانی 90 رۆژ ناڕەزایەتیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەیشتوەتە 494 کەس.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار