لێکۆڵینەوە لە پاسپۆرتی دیپلۆماسی عێراق دەکرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لیژنەیەکی بۆ وردبینی و لێکۆڵینەوە لە پاسپۆرتی دیپلۆماسی پێکهێنا
رۆژی پێنجشەممە 15-12-2022، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت کردووە بۆ وردبینی لە داواکارییەکانی نوێکردنەوە یان دەرهێنانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەت."
بابەتەکانی پەیوەست بە پاسپۆرت لە عێراق بەپێی یاسای ژمارە 32ـی ساڵی 2015ـی پەرلەمانی عێراق رێکدەخرێت، بەپێی یاساکە چوار جۆر پاسپۆرت هەن ئەوانیش: "دیپلۆماسی، تایبەت، خزمەت و ئاسایی." پاسپۆرتی دیپلۆماسیش بەم کەسانە دەدرێت: سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان، پەرلەمانتاران، باڵیۆز و نوێنەرانی عێراق لە وڵاتان.
بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی عێراق پاسپۆرتی تایبەت دەدرێتە ئەوانەی کە کاروبارە کارگێڕییەکان هەڵدەسوڕێنن لە وەزارەتی دەرەوە، ئەوەش بەنووسراوی وەزیری تایبەتمەند دەبێت و دەدرێتە فەرمانبەرانی پلە حەوت و بەسەرەوە، پاسپۆرتەکەش بۆ ماوەی شەش مانگە.
هاوکات ،بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەماوەی ساڵی 2021دا نزیکەی 4000 بۆ 4200 پاسپۆرتی دیپلۆماسییان بەخشیوە.