لە ئیزمیر ٥٠ ئەندامی پارت و رێکخراوە کوردیەکان دەستگیرکران
دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران لە ئیزمیر
2 ساڵ لەمەوپێش
لە شاری ئیزمیری تورکیا، ژمارەیەک پارت و رێکخراوە کوردیەکان بۆ ئەوەی دۆخی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە ئاشکرا بکرێت کە ٢١ مانگە هیچ زانیاریەک لەسەر بەدەست ناهێنرێت، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. هێزە ئەمنیەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و ٥٠ کەسیان دەستگیر کرد.
ئەندامانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان، بزوتنەوەی ژنانی ئازاد، پارتی دیموکراتی هەرێمەکان، پارتی دیموکراتی گەلان، هێزەکانی تێکۆشانی یەکگرتوو، کۆمەڵەی هاوکاری و پشتگیری خانەوادەی زیندانی و سزادراوانی ئیجە، لە گۆڕەپانی کۆناکی ئیزمیر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
ئەندامانی پارت و رێکخراوە کوردیەکان داواین کرد، گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە هەڵبگیرێت و رێگە بدریت، پارێزەر و خانەوادەکان بتوان سەردانی ئیمڕالی بکەن کە ئۆجالان و سێ زیندانی دیکەی پەکەکە لەو دورگەیە بەند کراون.
ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، هێزە ئەمنیەکان رێگریان لە خۆپیشاندانەکە کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و بە ئەشکەنجە و لیدان ٥٠ کەسیان دەستگیر کردووە.
ئاژانسەکە ئەوەی خستەڕوو کە محەمەد زاهیر هاوسەرۆکی رێکخستنی هەدەپە لە ناوچەی بۆدرومی ئیزمیر بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنیەکان تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، پەرلەمانتار، بەڕێوەبەر و ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەستەنبوڵ بە هەمان ئامانج، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. لە ئەستەنبوڵیش هێزە ئەمنیەکان رێگریان لە خۆپیشاندانەکەی هەدەپە کرد و بەرپرسێکی پۆلیس زلەی لە فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپەدا.
هەدەپە لەبارەی هێرشکردنە سەر پەرلەمانتارەکەیان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو زلەیەی لە پەرلەمانتارەکەیان کەوتووە، بە واتای ئەوە دێت کە بەر هەموو ئەو لایەن و کەسانە کەوتووە کە داوای گۆڕانکاری لە تورکیا دەکەن و بۆیەش پێویستە قبوڵ نەکرێت.
لەسەر ئەم بابەتە، سبەینێ پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە ناوچەی کادکۆی ئەستەنبوڵ کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجام دەدات.
دوای ئەوەی نوسینگەی یاسایی سەدە کە لە ژمارەیەک پارێزەر پێک دێت و ئەرکی پارێزەری عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکەیان لە ئەستۆ گرتووە، مانگی رابردوو، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد کە رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەی سەر بە کۆنسەی ئەوروپا (سی پی تی)، لە سەردانەکەی چەند مانگ لەمەوبەری خۆیدا بۆ ئیمڕالی چاوی بە ئۆجالان نەکەوتووە کە رێکخراوەکە رایگەیاندبوو، لە ئیمڕالی ئۆجالانیان بینیوە.
دوای راگەیەندراوی پارێزەرانی ئۆجالان، رێکخرا و پارتەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە تورکیا و باکوری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، بەشیک لە باشوری کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و نزیکەی مانگێکە خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و داوا دەکەن، چارەنووسی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە ئاشکرا بکرێت کە ٢١ مانگە هیچ زانیاریەک لەبارەی تەندروستی و ئاسایشیەوە نازانرێت.
عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە، لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩، لە نایروبی پایتەختی کینیا، لەلایەن ژمارەیەک هەواڵگیری زلهێزەکانی جیهانەوە دەستگیرکرا و رەوانەی تورکیا کرایەوە. ئۆجالان نزیکەی ٢٤ ساڵە لە زیندانی دورگەی ئیمڕالی لەنێو دەریای مەڕمەڕەدا زیندانیکراوە.