تەرانە عەلی دوستی زیندانی دەکرێت
ماڵی سینەمای ئێران: زیاتر لە 200 ئەکتەر و سینەماکار لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون
تەرانە عەلی دوستی
2 ساڵ لەمەوپێش
ناڕەزایەتییەکانی ئێران سینەما و ئەکترەکانی ئەو وڵاتەشی گرتوەتەوە و تەرانە عەلی دوستی رەوانەی زیندان کرا و ماڵی سینەمای ئێران ئاشکرای دەکات زیاتر لە 200 ئەکتەر و سینەماکاری وڵاتەکە دەستگیر کراون.
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە؛ تەرانە عەلی دوستی، خانمە ئەکتەری وڵاتەکە دوای دەستبەسەرکردنی گوازراوەتە بۆ زیندانی ئێڤین لە تاران و دادگا تۆمەتی هاندانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خستوەتە پاڵ ئەو ئەکتەرە.
زیندانیکردنی تەرانە عەلی دوستی، کاردانەوەی بەرفراونی لێکەوتوەتەوە و سادق زیباکەلام مامۆستای زنکۆ لە ئێران رایگەیاندوە؛ سەلماندنی ئەو تۆمەتانەی روبەڕوی عەلی دوستی کراوەتەوە ئاستەمە و جێی گومانە.
تەرانە عەلی دوستی تەمەنی 38 ساڵە و رۆڵی لە 30 فیلم و درامادا بینیویە و خاوەنی لانیکەم 20 خەڵاتی بواری سینەما و فیلمە و بە بینی رۆڵی شەهرزاد ئەو ئەکتەرە زیاتر ناوبانگی دەرکرد.
ئەو لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو ناڕەزایەتییانە دەربڕی و دژی لەسێدارەدانی گەنجانیش وتی: ئەوەی بەرامبەر ستەم بێدەنگ بێت، پشتیوانی ستەمکارە.
لە لایەکی دیکەوەنیکی کەریمی خانمە، هونەرمەدنی ناوداری ئێران وەک کاردانەوەیەک بە زیندانیکردنی عەلی دوستی و ژمارەیەک ئەکتەر و سینەماکار رایگەیاند سەرجەم کارەکانی لە وڵاتەکە رادەگرێت و پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان دەکات.
ماڵی سینەمای ئێران رایگەیاندوە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە لانیکەم 200 ئەکتەر و سینەماکار لە ئێران دەستگیر کراون و لەو ژمارەیەکیان بە بارمتە ئازاد کراون.
دوای مەرگی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران، زۆربەی ئەکتەر و هونەرمەند و سینەماکار و وەزرزشکارە ناودار و خاوەن پێگەکانی وڵاتەکە پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو ناڕەزایەتییانە و داواکارییەکانی خۆپیشاندەران دەربڕیوە.