سیناتۆرێکی ئەمریکی بەهۆی هێرشکردنە سەر کورد و هەڕەشەکردن لە یونان ئەردۆغان بە توندی رەخەنە دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



بۆب مێنێندێز سیناتۆری دیموکراتەکانی ئەمریکا بە توندی رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا گرت کە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر یونانی کردبوو و وتی، نابێت فڕۆکەی ئێف١٦ رادەستی ئەردۆغان بکرێت.

بۆب مێنێندێز سیناتۆری دیموکراتەکان لە ویلایەتی نیوجێرسی لە سیناتی ئەمریکا قسەی کرد و ئاماژەی بە هەڕەشەکانی تورکیا بۆسەر یونان کرد و وتی، " ئەردۆغان لە قسەکانیدا لە ناوچەیەکی باکوری تورکیا، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر یونانی کرد و وتی'یونان لە ئێمە دەترسێت'. بە موشەکی تایفون لە ئەسینا دەدەین. ئەردۆغان راستەوخۆ سێ ملیۆن مرۆڤی خەڵکی ئەسینای کردە ئامانج و هەرەشەی کرد کە بە موشەک لێیان دەدات. لە کاتێکدا کە یونان ئەندامی ناتۆیە و بەو هۆیەوە نابێت فڕۆکەی ئێف١٦ بە تورکیا بدرێت."

بۆب مێنێندێز راشیگەیاند کە نە تەنیا هەڕەشەکانی ئەردۆغان قبوڵ ناکرێن، بەڵکو لەلایەن ئەوانەوە ئیدانە دەکرێت و وتیشی، " ئەردۆغان چەندین ساڵە لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا سیاسەتی فشار و نادیموکراسی بەڕێوە دەبات. رێز لە بیروڕای ئازاد ناگریت و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن راپێچی زیندان دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەنێو ئەستەنبوڵ رۆژنامەنووس و نووسەری ئەرمەنیان کوشت. سیاسەتی ئەردۆغان لە ناوخۆدا چۆن بێت، لە دەرەوەش زیاتر خراپە. ئەردۆغان بۆ لێدانی ئەرمەنیەکان لە قەرەباخ بە بڕی ٧٧ ملیۆن دۆکلار کەلوپەلی سەربازی فروشت. ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکانی روسیا و ئێران کە دوو کەسی دیکتاتۆرن کۆدەبێتەوە و پێکەوە کار دەکەن."

سیناتۆرەکەی دیموکراتەکان باسی ئەوەشی کرد، " بینیمان ئەردۆغان چەندین جار هەڕەشەی لە سەروەری یۆنان کرد. لە هاوینی ئەمساڵدا فڕۆکەی جەنگی بەسەر دوورگەکانی یۆنان لە دەریای ئیجە سووڕاندەوە. بەم شێوەیە هەڕەشەکانی لێدانی ئەسینای پایتەختی یونان جێی مەترسیە. ئەردۆغان دەڵێت، هێزەکانی تورکیا دەتوانن "شەوێک لەناکاو" هێرش بکەنە سەر یونان. پێدەچێت ئەردۆغان هەڵسوکەوتی نایاسایی و خۆسەپێنانەی خۆی پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو لە تورکیا زیاتر بکات.  لە مانگی تشرینی دووەمدا بە فڕۆکە، تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر شارە کوردییەکانی باکوری سوریا. وتی کە بەم زووانە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی ئەنجام دەدات. ئەوەش سەربازانی ئەمەریکا لە سوریا دەخەنە مەترسییەوە، بە هێرشکردنە سەر ئەو هێزانەی کە هاوبەشی سەرەکی ئەمریکان لە شەڕی دژی داعشدا."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار