دەستەى دەستپاکیى عێراق: لە یەک پارێزگا نزیکەى 11 ملیار دینار بەهەدەر دراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دەستەى دەستپاکیى عێراق ڕایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە  لە چەند دۆسیەیەکى گەندەڵى لە سنوورى پارێزگاى بەسرە دەرکەوتووە  نزیکەى 11 ملیار دینار بەهەدەر دراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستەی دەستپاکی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە چەند پرۆسەیەکى لێکۆڵینەوەى لە چەند دەزگایەکى پارێزگاى بەسرە ئەنجامداوە کە گەندەڵییان تێدابووە ، و لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە نزیکە 11 ملیار دینار بەهەدەر دراوە هاوکات بەگوێرەی دەستەکە، ئەو پارەیە لە بوارەکانی تەندروستی و خوێندنی باڵا بەهەدەر دراون.

دەستەى دەستپاکیى عێراق ڕونیکردەوە،  لە نەخۆشخانەى فێرکاریى بەسرە لەماوەى  چوار ساڵدا  زیانى دوو ملیار و 160 ملیۆن دۆلار بە داهاتی ئەو نەخۆشخانەیە گەیشتووە بەهۆی ئەوەی ئامێرێکى لێزەرى چاو لە ساڵى 2019 کڕدراوە، بەڵام کارینەکردوە بەهۆى ئەوەى بوتڵى تایبەتى غازى بۆ دابین نەکراوە کە پارەکەى 100 هەزار دینار تێپەڕ ناکات.

هەروەها بڕى هەشت ملیار و 64 ملیۆن دینار بۆ دروستکردنى نەخۆشخانەى گشتیى بەسرە تەرخان کراوە، بەڵام رێژەى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە سفر بووە، سەرەڕاى ئەوەى دراوەتە کۆمپانیایەک بۆ جێبەجێکردنى.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕووکە، "ئامێریکى چاپ لە ساڵى 2005 بۆ زانکۆى بەسرە کڕدراوە، بەڵام تائێستا بەکارنەهێندراوە کە بەهۆیەوە ئامێرەکە تێکچووە کە بەهاکەى 687 ملیۆن دینارە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار