ئەردۆغان توركیا بۆ نەیارەكانی دەكاتە زیندانێكی گەورە
دوای هەدەپەو لایەنگرانی گولەن حزبەكەی مستەفا ئەتاتوك بەئامانج دەگرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی لەتوركیا نزیك دەبێتەوەو دەسەڵاتی ئەو وڵاتە كە لەهاوپەیمانی كۆماری، پارتی دادو گەشەپیدان (ئاكەپە) و پارتی گەلی كۆماری (مەهەپە) پێكدێت، دەستی بەهەڵمەتێكی دیكەی فشار خستنەسەر ئەندام، بەرپرس و كەسایەتییە دیارەكانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و راپێچكردنیان بۆ دادگاكان كردووە كەدیارترینیان ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵە.
حكومەتی ئاكەپە دوای پارتە كوردییەكان و لایەنگرانی فەتحولا گولەن، دەست بۆ بەرپرسانی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) دەبات كە لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتوركی دامەزرێنەری كۆماری توركیایە دامەزرێنراوە.
دادگای ئەستەنبوڵ رۆژی ١٤ی كانونی یەكەم بەتۆمەتی سووكایەتیكردن بەسەرۆك و ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا، سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی بەسەر ئیمامئۆغلۆدا سەپاند. زۆربەی پارتە سیاسییەكانی توركیاو وڵاتانی زلهێزی جیهان وەك ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپا، دادگاییكردنی ئیمامئۆغلۆیان بەپرسێكی سیاسی و نادادپەروەرانە لەقەڵەمداو داوایان لەحكومەتی ئاكەپە كرد، بەگوێرەی پێوانەكانی دیموكراسی بجووڵێتەوە.
پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) بەتایبەتی لە ١٠ ساڵی رابردوودا، قۆناغ بەقۆناغ، بەدەستگیركردن و تۆمەت خستنەپاڵ پارت و كەسایەتییەكانی ئۆپۆزسیۆن هەوڵیداوە، ركابەرەكانی تێكبشكێنێت كەدیارترینیشیان پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)یە.
نزیكەی ١١ هەزار كەس لەبەرپرس و لایەنگری هەدەپە لەزینداندان
ئۆپەراسیۆنی فراوانی حكومەتی ئاكەپە لەدژی پارتە كوردییەكان لەساڵی ٢٠١٤ دەستیپێكرد، لەهەڵبژاردنەكانی ٣٠ی ئازاری ٢٠١٤دا، پارتی دیموكراتی هەرێمەكان (دەبەپە) توانی ١٠٦ گەورە شارەوانی و شارەوانی شاروچكەكانی باكوری كوردستان بەدەستبهێنێت، بەڵام هەرزوو هاوسەرۆكانی شارەوانییەكانی دەبەپە رووبەڕووی ئۆپراسیۆنێكی فراوانی دەسەڵات بوونەوەو لەئەنجامدا، ٣٣ هاوسەرۆكی شارەوانییەكان لەپۆستەكانیان دوورخرانەوە كەدیارترینیان گولتان كشاناك هاوسەرۆكی گەورە شارەوانی ئامەد، ئەحمەد تورك هاوسەرۆكی گەورە شارەوانی ماردین و بەكر قایا هاوسەرۆكی گەورە شارەوانی وان بوو. لەو هەڵمەتەدا گوڵتەن كشاناك و بەكر قایا دەستگیركران و سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا كە تاوەكو ئێستاش لەزینداندان.
دوای تەسفیەكردنی شارەوانییە كوردییەكان حكومەت روویكردە پەرلەمانتارانی هەدەپە. دوای پرۆسەی ئاشتی لەساڵی ٢٠١٥دا، حكومەتی ئاكەپە، هەڵمەتێكی زۆر فراوانی دەستگیركردنی بەرپرس و ئەندامانی ئەو پارتەی دەستپێكرد كە لەكۆتایی ساڵی ٢٠١٦دا گەیشتە لوتكەو تاوەكو ئێستاش بەردەوامە.
لەمانگی ئەیلول تاوەكو كۆتایی ساڵی ٢٠١٦ ئاكەپە هەوڵیدا گورزێكی گەورە لەسیاسەتی كورد لەباكوری كوردستان بوەشێنێت و بۆیەش دەستی بەدەستگیركردنی پەرلەمانتارو بەڕێوەبەرانی هەدەپە كرد. سەرەتا نزیكەی ١٠ پەرلەمانتاری هەدەپەی دەستگیركرد كە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی ئەوكاتەی هەدەپە دووان لەدەستگیركراوەكان بوون.
لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەك لەپەرلەمانتارەكانی هەدەپە ئازاد كران، بەڵام تاوەكو ئێستاش سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ و چوار پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بەناوەكانی ئیدریس بالوكەن، لەیلا گیوڤەن، گورسەل یڵدرم، نورسەل ئایدۆغان لەزینداندان و لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا سێ جار داوای ئازادكردنیانی كردووە، بەڵام ئازاد نەكراون.
لەلایەكی دیكەوە لەهەڵبژاردنەكانی شارەوانییەكاندا كە لە ٣١ی ئازاری ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو، پارتی دیموكراتی گەلان توانی ٦٥ شارەوانی لەباكوری كوردستان بەدەستبهێنێت. حكومەت جارێكی دیكە سیناریۆكەی ساڵی ٢٠١٤ی دووبارەكردەوە و هەر لەسەرەتادا، حكومەت مۆڵەتی كاركردنی لەشەش سەرۆك شارەوانی هەدەپە وەرگرتەوەو پێنج مانگیشی نەخایاند كەئۆپراسیۆنێكی فراوانی دژی شارەوانییە كوردییەكان بەبیانوی هاوكاریكردنی رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد.
لەئۆپراسیۆنەكەدا، ٣٩ هاوسەرۆكی شارەوانییەكانی هەدەپە دەستگیركران و جگە لەشەش هاوسەرۆكی شارەوانی، هەموو هاوسەرۆكی شارەوانییەكانی دیكە لەكارەكانیان دوورخرانەوەو بەڕێوەبەری حكومی بەناوی "قەیوم" لەپۆستەكانیان دانران.
تاوەكو ئێستاش حەوت هاوسەرۆكی شارەوانی هەدەپە لەزینداندان و بەتەنیا شەش شارەوانی بەدەست ئەو پارتەوە ماون. جگە لەوەش بەگوێرەی دوایین ئاماری پارتەكە، نزیكەی ١١ هەزار پەرلەمانتار، هاوسەرۆكی شارەوانی، كادرو ئەندامانی هەدەپە لەزیندانەكانی توركیادان كەتاوەكو ئێستاش رۆژ نییە چەند كەسێكیان لێ دەستگیرنەكرێت.
ئەو حەوت هاوسەرۆكی شارەوانیەی هەدەپە كەتاوەكو ئێستا لەزینداندان ئەمانەن: عەدنان سەلچوك مزراكلی هاوسەرۆكی گەورەشارەوانی ئامەد، یاشار ئاككوش هاوسەرۆكی گەورە شارەوانی ئیدر، رەمزیە یاشار هاوسەرۆكی شارەوانی ناوچەی گەڤەڕی جۆلەمێرگ، مەلیكە گوكسو و بورهانەدین شاهین هاوسەرۆكانی شارەوانی ناوچەی قەرەیازی ئەرزەڕۆم، حەسەنا سافا هاوسەرۆكی شارەوانی ناوچەی هەلفەلی ئیدر، فەییمە فیلیز بولوتتەكین هاوسەرۆكی ناوچەی سوری ئامەد.
هەوڵی كودەتاو دەستگیركردنی لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن
یەكێكی دیكە لە رووداوەكانی چەندساڵی رابردوو لەتوركیا، هەوڵی كودەتای ١٥ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٥ بوو كەحكومەتی ئاكەپە، رێكخراوی خزمەتی فەتحوڵا گولەنی بەئەنجامدانیی تۆمەتبار كرد. فەتحوڵاچییەكان كەوەك هاوبەشێكی نافەرمی حكومەتی ئاكەپە دەبینران، دوای كودەتاكە رووبەڕووی لێشاوێكی توندی دەستگیركردن، راوەدوونان و ئەشكەنجەیەكی زۆر بوونەوە.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا ئەو رووداوەی وەك یەكلاییكردنەوەی حساباتی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و فەتحوڵاگولەن لێكدایەوە كەسەردەمانێك بڕبڕەی پشتی یەكدی بوون.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی توركیا، حكومەتی توركیا لێپرسینەوەی لەبارەی ٦١٢ هەزارو ٨٧٠ كەس بەتۆمەتی ئەندامێتی رێكخراوی گولەن كردووە. لەو ژمارەیە ٢٩٢ هەزارو ٧٠٣ كەس دەستگیركران كەدواتر ٩٦ هەزارو ٩٤٥ كەسیان سزادران و ئەوانەی دیكە ئازادكران. لەئێستاشدا بەتەنیا ٢٥ هەزارو ٦٥٥ كەس لەزینداندا ماون و ئەوانەی دیكە سزاكەیان تەواو كردووە. بەگشتی سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر ٣١٥ ئەفسەری سوپاو هێزە ئەمنییەكانی ناوخۆ سەپێندرا. هەروەها ٢٥ هەزارو ٤٨ داواكراو تاوەكو ئێستا دەستگیرنەكراون كەزۆربەیان بۆ وڵاتانی ئەوروپاو ناوچەكە هەڵهاتوون.
جگە لەوە ٢٠ هەزارو ٧٧ ئەفسەری پلە نزم و پلە بەرزی سوپاو هێزە ئەمنییەكان و پۆلیسی ئاسایی لەكارەكانیان دوورخرانەوە. بەگشتی نزیكەی ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار كەس كە لەدامودەزگا حكومەتی و ناحكومییەكان كاریان دەكرد لەكارەكانیان دوورخرانەوە. ٥٣ رۆژنامە، ٣٧ رادیۆ، ٣٤ كەناڵی تەلەڤزیۆنی، ٢٩ چاپخانە، ٢٠ گۆڤارو شەش ئاژانسی هەواڵ داخران.
رادەستكردنی سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان و حكومەتەكەی جگە لەوەی لەناوخۆی توركیادا، بەتوندی دژی ركابەرەكانی وەستانەوە، هەروەها لەدەرەوەی توركیاش، هەوڵدەدات، پارتە نەیارەكانی توركیاو سەركردە هەڵاتووەكانی بەقۆڵبەستكراوی بگەڕێنێتەوە توركیا. ئەم هەلەشی لەلوتكەی ناتۆ لەمەدرید بۆ رەخسا كەوڵاتانی سویدو فینلەندا داوایان كرد وەك ئەندامی ناتۆ قبوڵ بكرێن. توركیا لەلوتكەی ناتۆدا مافی ڤیتۆی بەكارهێناو لەدژی ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە وەستایەوەو مەرجی دژایەتیكردن و رادەستكردنەوەی ئەندام و بەرپرسانی پارت و رێكخراوەكانی دژی دەوڵەتی خستەڕوو.
ئەردۆغان لەئێستادا چەند رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتەكانی سویدو فینلەندا واژۆ كردووە كە بەهەموو شێوەیەك رێگری لەچالاكییەكانی پەكەكەو فەتحوڵاچییەكان بكرێت و لیستێكیشی رادەستی هەردوو وڵات كردووە كەناوی ژمارەیەك سەركردەو بەرپرسی ئەو دوو پارت و رێكخراوەی تێدایە، بۆ ئەوەی رادەستی توركیا بكرێنەوە. سوید تاوەكو ئێستا تەنیا كەسێكی رادەستی توركیا كردووەتەوە كەكوردێكی خەڵكی دەرسیمە، بەڵام توركیا رایگەیاندووە كەئەو كەسە لەلیستی داواكراوەكاندا نییەو كەسایەتییە كاریگەرەكانیان دەوێت كەتاوەكو ئێستا لسیتەكەیان ئاشكرا نەكردووەو ناوی داواكراوەكان نازانرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ درێژكردنی تەمەنی دەسەڵاتەكەی لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، بەم شێوەیە ركابەرایەتی نەیارانی كردووەو دوایین نێچیریشی ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵە كە بەربژێری (جەهەپە) بوو كە بەگوێرەی دەیان راپرسی ئەگەر ببێتە كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆكی توركیا دەتوانێت شكست بەئەردۆغان بهێنێت. بەگوێرەی قسەكانی كاتی پیری ریپۆرتەری پێشووی یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری توركیا كە بەژنێكی كاریگەر لەپەیوەندیەكانی نێوان توركیاو یەكێتی ئەوروپا دەناسرێت، ئەردۆغان لە ئیمامئۆغلۆ ترساوەو هەوڵدەدات لەگۆڕەپانی سیاسی وڵات دووری بخاتەوە.