دوای ١١ ساڵ تورکیا و سوریا لەسەر ئاستی سەربازی و هەواڵگری لە روسیا کۆبونەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسە باڵاکانی سوریا و تورکیا لەسەر ئاستی سەربازی و هەواڵگری بە نێوەندکاری دەوڵەتی روسیا لە مۆسکۆ کۆبونەوە و ئەوەش دوای قسەکانی ئەردۆغان دێت کە وتبووی 'ئامادەین پەیوەندیەکانمان لەگەڵ روسیا ئاسایی بکەینەوە'.
خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و هاکان فیداکان سەرۆکی هەواڵگری تورکیا (میت)، عەلی مەحمەد عەباس وەزیری بەرگری سوریا و شاندێکی هەواڵگری وڵاتەکەی و سێرگی شۆیگۆ وەزیری بەرگری روسیا لە مۆسکۆ کۆبونەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، بابەتی کۆبونەوکە، قەیرانی سوریا، پرسی پەنابەران و پرسی رۆژئاوای کوردستانە کە ئەوان بە پرسی 'تیرۆر' ناوی دەهێنن. هەروەها باسی ئەوەش دەکرێت کە کۆبونەوە سێ قۆڵیەکان بەردەوام دەبن.
وەزارەتی بەرگری روسیا لەمبارەیەوە راگەیەندراوێکی کورتی بڵاوکردەوە و وتی، " رێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، کێشەی پەنابەران و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە توندڕەوەکان لە سوریا تاوتوێ کران".
لە مانگی رابردوودا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارەی تورکیا چەند جارێک رایگەیاندبوو، دەیانەوێت هاوشێوەی هەندێک وڵاتی ناوچەکە و جیهان، پەیوەندیەکانیان لەگەڵ سوریاش ئاسایی بکەنەوە. مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیاش ئاماژەی بەوەکردبوو کە لەسەر ئاستی هەواڵگری چەندین کۆبونەوە لەنێوان ئەوان و سوریا ئەنجامدراوە.
بەرپرسانی تورکیا مەرجی سەرەکیان ئەوەیە کە رژێمی سوریا لەدژی رۆژئاوای کوردستان هەنگاو بنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاوێکی بەو شێوەیە لەلایەن دیمەشقەوە نەنراوە و رایدەگەیەنن کە پێویستە تورکیا سەربازانی لە سوریا بکشێنێتەوە و دەست لە پشتگیریکردنی گروپە توندڕەوەکان بهێنێت.