ئەمریکا جارێکی دیکە رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران رەت دەکاتەوە

ئەمریکا: نامانەوێت پرسی ئەتۆمیی ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانەکان

2 ساڵ لەمەوپێش



ئەمریکا دوای لێدوانی بەڕێوبەری ئاژانسی ئەتۆمیی بۆ دەستپێکردنەوە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران رایگەیاند واشنتۆن نایەوێت ئەو رێککەوتنە بێتەوە سەر مێزی دانوستان و گفتوگۆکان.

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی رۆژنامەنوسان و میدیاکاران سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران رایگەیاند؛ سەرنجی ئێستای واشنتۆن لەسەر پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێرانە و نایەوێت دانوستانە ئەتۆمییەکان دەست پێبکەنەوە.

پرایس وتی: هەڵسوکەوتەکانی ئێران گەورەترین هۆکاری راگرتنی رێککەوتنی ئەتۆمیی بوە و ئەمریکا لە ئێستادا سەرنجی لەسەر وڵاتی چین-ە بۆ ئەوەی نەوت لە ئێران نەکڕێت و سزاکانی واشنتۆن دژی تاران بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەران و هاوکاریی روسیا بۆ کوشتنی خەڵکی ئۆکرانیا بەردەوام دەبێت.

پرایس جەختی لەوە کردوەتەوە؛ لە ئێستادا واشنتۆن بیر لە چالاککردنەوە رێککەوتنی ئەتۆمیی ناکاتەوە و نایەوێت ئەو دۆسیەیە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانەکان.

لێدوانەکەی پرایس دوای ئەوە دێت کە رافایل گروسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاندبو؛ لە مانگی شوباتدا کە کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە سەردانی تاران دەکات بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوە دانوستانە ئەتۆمییەکان و هاوکات پابەندبونی ئێران بە ئاژانسی ئەتۆمییەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار