یەکەم کاروانی هاوکاری نەتەوەیەکگرتوەکان لەڕێگەی تورکیاوە گەیشتە باکوری سوریا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاند، یەکەم کاروانی هاوکاری نەتەوەیەکگرتوەکان لەڕێگەی تورکیاوە گەێندرایە باکوری ڕۆژئاوای سوریا.
سەنجەنا قوازی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئۆچا لە تورکیا ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ ئۆپراسیۆنی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، هەروەها وتیشی " ئێمە دڵخۆشین کە توانیومان لەم کاتە سەختەدا بگەینە خەڵکی باکوری ڕۆژئاوای سوریا، هیوادارین ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام بێت".
بەپێی وتەی نوسینگەی هەماهەنگی نەتەوەیەکگرتوەکان، کاروانی هاوکاریەکان بریتی بوون لە شەش بارهەڵگر لە "کەلوپەلی پەناگە و بەتانی و کیتی پاکوخاوێنی" کە ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتنە باب ئەلهەوا، کەئەمەش تاکە دەروازەی سنوورییە کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان.
هاوکات، ئیسماعیل عەبدوڵڵا، خۆبەخشی کڵاوە سپییەکان لە پارێزگای ئیدلب، ئەمڕۆ سێشەممە بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، تیمەکانی فریاگوزاری کەمن و سەرچاوەکان بەس نین، ئاماژەی بەوەش کردووە" هێشتا سەدان کەس لەژێر داروپەردوودان، بەڵام ئێمە ئامێی پێویستمان نیە بۆ ئەوەی هاوکاریان بکەین".
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسیشی لەوەکردووە، لانیکەم ٦٤٨ حاڵەتی پاش لەرزۆک تۆمارکراوە، ئەمەش ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن و گەیاندنی هاوکاری ئاڵۆزتر کردووە.
هەروەها دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری تورکیاش دەڵێت، کۆی ژمارەی کارمەندان وتیمی فریاگوزاری لەناوچەکەد ٧٩ هەزار و ١١٠ کارمەندە، بەڵام ڕێکخراوی ئۆچا دەڵێت تەنها لەسەدا ٥ی ئەو شوێنانەی کە ڕاپۆرتکراون لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا لە ئێستادا لەلایەن ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردنەوە هاوکاری دەکرێن.
لەبارەی کرانەوەی سنوری باب ئەلهەوا بۆماوەیەکی درێژتر، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی یەکدا بە کۆی دەنگ دەنگی دا بۆ ئەوەی دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە بە کراوەیی بمێنێتەوە بۆ گەیاندنی یارمەتییە گرنگەکان.
ئەمەش لەکاتێکدایە لەچەند ڕۆژی سەرەتای ڕوودانی هەریەک لە بوومەلەرزە بەهێزەکانی تورکیا وسوریاوە، بەرپرسانی حوکمەت وڕێکخراوەکانی هاوکاری مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندبوو کە گەیاندنی هاوکاریەکان بە ناوچەکانی سوریا بەهۆی دابەشبوونی سیاسی و سزاکانی ئەمریکا لەسەر سوریا زۆر سەختە، سەرەڕای سەختی کەشوهەوا ونەبوونی سوتەمەنی وڕێگاوبانەکان.