دۆلار لە دوو رۆژدا بەهای مێژویی لە ئێران تۆمار دەکات
ئێران: ئەمریکا بە دۆلار شەڕی دراوی دژی کۆماری ئیسلامی دەست پێکردوە
2 ساڵ لەمەوپێش
دوو رۆژ دوای دەستوەردانەکانی بانکی ناوندیی ئێران دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بەردەوامە و بەرپرسێکی ئەو وبانکەش دەڵێت جەنگی دراو دژی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەهای یەک دۆلار لە ئێران بۆ 51 هەزار و 170 تمەن بەرز بوەوە و ئەوەش دوەم بەهای مێژوییە کە دۆلار لە 42 کاتژمێردا لەو وڵاتە تۆماری کردبێت.
رۆژی رابردو بانکی ناوەندیی ئێران لە قۆناغی یەکەمدا 200 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە و رایگەیاند؛ هەر دۆلار و دراوێک لە دەرەوەی نرخی دیاریکراوی بانکەکە ئاڵوگۆڕی پێبکرێت وەک قاچاخ و نایاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بەڵام ئەو بڕێارە توندەش نەیتوانی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن راگرێت.
دوای بڕیاری بانکی ناوەندیی ئێران هەر بەهای دۆلارێک زیاتر لە هەزار و 300 تمەن بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە دوو رۆژی رابردودا هەوڵەکانی ئەو بانکە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ دابەزینی زیاتری بەهای تمەن سەرکەوتو نەبوە.
حکومەت نرخی دۆلاری بە 41 هەزار و 594 تمەن دیاریی کردوە بەڵام لە بازڕەکانی ئێراندا هەر دۆلارێک بە زیاتر لە 51 هەزار و 100 تمەن مامەڵەی پێوەکرا.
غوڵامڕەزای مسباحی موقەدەم، سەرۆکی ئەنجومەنی فەتوای بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاندوە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بەهۆی ئەو جەنگەیە کە ئەمریکا لە رێگەی دۆلارەوە دژی کۆماری ئیسلامی دەیکات.