ئیسرائیل راگرتنی ناردنی موشەکی ئێران بۆ روسیا ئاشکرا دەکات
ئیسرائیل: ئێران 1700 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رادەستی روسیا کردوە
موشەکی قاسم سولەیمانی
2 ساڵ لەمەوپێش
بەرپرسانی هەواڵگریی و ئاسایشیی ئیسرائیل ئاشکرایان کردوە کە ئێران نزیکەی دوو هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رادەستی روسیا کردوە و لە ئێستادا تاران رادەستکردنی موشکی بۆ ئەو وڵاتە راگرتوە.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس (Axios) ئەمریکا لە زاری سێ بەرپرسی ئیسرائیل بڵاوی کردوەتەوە؛ لە ئێستادا ئێران رادەستکردنی ئەو موشەکە بالیستییانەی راگرتوە کە بڕیاربو رادەستی روسیای بکات بە مەبەستی بەکارهێنانی لە جەنگی ئۆکرانیا.
ئەو سێ بەرپرسە ئاماژەیان بەوە کردوە ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردودا ئەمریکای ئاگادار کردوەتەوە کە ئێران بڕیاری داوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک رادەستی روسیا بکات و تەنانەت دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە رێگەی پەیوەندییەکانییەوە لەگەڵ فەرماندەیەکی سەربازیی روسیا زانیارییەکانی دەستکەوتوە و دواتر وردەکارییەکان رادەستی ئەمریکا کراون.
ئیلا هولاتا، راوێژکاری پێشوی ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل بە ئەکسیۆسی راگەیاندوە؛ هاوکاریی مۆسکۆ و تاران لە بواری سەربازیی و لە جەنگی ئۆکرانیا چاوەڕوان نەکراو نەبوە و مۆساد پێشبینیی ئەو هاوکارییەی کردوە.
ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل ئاشکرای کردوە دوای گەڕانەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە گەشتەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە سەردانی واشنتۆنیان کردوە و زانیارییەکانیان لەسەر هاوکاریی سەربازیی نێوان مۆسکۆ و تاران رادەستی بایدن کردوە.
هولاتا رونی کردوەتەوە؛ مۆساد بەدواداچونی وردی کردوە سەبارەت بە راگرتنی بڕیاری رادەستکردنی موشەکی بالیستیی ئێران بۆ روسیا و دەرکەوتوە تاران لە ئێستادا ئەو بڕیارەی پشتگوێ خستوە و ئامادە نییە موشەکەکان رادەستی مۆسکۆ بکات بەڵام بە پێی پێشنییەکانی مۆساد ئەگەری رادەستکردنی ئەو موشەکانە بەهێزە.
بە پێی زانیارییەکانی ئیسرائیل تا ئێستا ئێران لانیکەم هەزار و 700 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رادەستی روسیا کراون کە زۆربەیان لە جۆری (خۆکوژن) و توانای تەقینەوە و وێرانکاریی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە زۆر زیاد کراوە بە ئامانجی زیانی گەورە لە دژی ئۆکرانیا.
پێشتر یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسی ئاسایشیی میونخ لە ئەڵمانیا رایگەیاند؛ ئێران سەرقاڵی دانوستانە بۆ فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بۆ زیاتر لە 50 وڵاتی جیهان.