کچانی خوێندکاری 15 شاری ئێران ژەهراویی دەکرێن

گومان لە بوکوحەرامی ئێران دەکرێت کچان ژەهراویی بکەن

2 ساڵ لەمەوپێش



نزیکەی مانگێکە رۆژانە دەیان خوێندکاری کچ لە ئێران ژەهراوی دەکرێن و ژمارەیەکیان رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون، بە وتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتەش دەستی نەیارانی دەسەڵات لە پشت روداوەکانەوە هەیە و گومانیش دەکرێت گروپێکی توندڕەوی سەر بە دەسەڵات لە پشت ئەو روداوانەوە بن کە خەڵک و پەرلەمان و حکومەتی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە.

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە؛ سەرەتای روداوی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار لە شاری قوم دەستی پێکردوە کە بە پایتەختی شیعە لە وڵاتەکە ناوەدهێنرێت و لە ئێستاش دیاردەکە گەیشتوەتە تارانی پایتەخت و شارەکانی تەبرێز، کەرەج، بروجەر و و چەند شارێکی دیکە.

 تا ئێستا نزیکەی هەزار کەس کە لانیکەم 850 کەسیان خوێندکارانی کچ بون توشی ژەهراویبون بون.

ئاماژە بەوە کراوە لانیکەم لە 60 خوێندگەی ناوەندیی و دواناوەندیی کچان دەیان کچ ژەهراویی کراون و هەر بەو هۆیەوە توشی رشانە و سکچون بون و ژمارەیەکیشیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و تەنانت هەندێک کەسیان رەوانەی ژوری چاودێریی وردی پزیشکیی کراون.

رۆژنامەی (هەم میهەن) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چەند خوێندگەیەک شتێک هاوشێوەی تۆپی یاریی لە دەرەوە خراوەتە ناو حەوشە و بینای خوێندگەکان و دواتر بۆنی میوەی رزیو و پرتەقاڵ و نارنگیی بڵاو بوەتەوە و لە ئەنجامدا خوێندکاران بەو بۆنە ژەهراویی بون.

ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێستا هیچ کەسێک یان هێرشکارێک لە کامێراکانی چاودێریی و لە لایەن خەڵکەوە نەبینراوە کە راستەوخۆ هێرشی کردبێتە سەر خوێندگایەکی کچان یان ئەو شتەی لەشێوەی تۆپە هەڵیدابێتە خوێندگەکانەوە.

ژمارەیەک سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئەو کچانە لە رێگەی سپرا ژەهراویی کراون و پێشتر گروپێک بە ناوی فیداییانی ویلایەت وەک ئاماژەیەک بە پشتیوانیی لە بازنەی دەسەڵاتی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو روداوانەیان گرتە ئەستۆ بەڵام لە ئێستا تەنها گروپی هێزارەگەرا تۆمەتباری سەرەکیی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچە.

گروپی فیداییانی ویلایەت لە ساڵی 1988 لە ئێران دەرکەوتوە کە هیچ ناوەند و شوێنێکی فەرمیی نییە و تەنها بانگەشەی ئەوە دەکەن پشتیوانیی لە کۆماری ئیسلامیی دەکەن.

محەمەد تەقی فازڵ مەیبودی، ئەندامی دەستەی زانایانی ناوەندی مامۆستایانی ئایینیی شاری قوم بە رۆژنامەی (شەرق) لە ئێرانی راگەیاندوە؛ روداوەکە بە ئەنقەستە و دەستی گروپێکی توندڕەوی لە پشتە کە دژی خوێندنی کچانن.

بە وتەی ئەو گروپێکی توندڕەوی شیعە بە ناوی (هێزارەگرا) لە ئێران دەستیان لە ژەهراویکردنی خوێندکاران و قوتابیانی کچدا هەیە و کە بە بوکوحەرام-ی ئێران ناویان دەهێنرێت.

لە لایەکی دیکەوە راوێژکاری وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندوە؛ ئامانجی ئەو ژەهراویکردنە داخستنی کاتیی خوێندگەکانی تایبەت بە کچان بوە.

مەولەوی عەبدولحەمید، رێبەر و پێشەوای سوننەکانی سیستان و بەلوچستان رایگەیاندوە؛ ژەهراویکردنی کچان تۆڵەی دەسەڵاتە چونکە کچان و خوێندکاران زیاترین بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردوە.

لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەیان وێنە و تۆماری ڤیدیۆی خوێندکارانی کچ بڵاو کرایەوە کە وێنەکانی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی رێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێرانیان دەسوتاند و هاوکات .

پەرلەمانی وڵاتەکەش هەر لە سەر ئەو روداوانە کۆبوەتەوە و ژمارەیەک پەرلەمانتار داوای راگرتنی کاتیی پڕۆسەی خوێندنی کچانیان لە ئێران کردوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار