قەیرانی ڕاگەیاندن لەهەرێمی کوردستاندا
2 ساڵ لەمەوپێش
حامد محەمەد عەلی
ڕاگەیاندن ئەمڕۆ لەجیهاندا ڕۆڵێکی کاریگەرو هەستیار دەبینێت لەخوڵقاندنی گۆڕانکارییەکان لەبوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریدا، ئەویش بەهۆی ئەوکاریگەرییە بەرچاوەی کە لەسەر ڕای گشتی هەیەتی . بەداخەوە ئەمڕۆ مێدیا بەگشتی لەهەرێمی کوردستاندا ، وەک ڕەنگدانەوەی واقیعە سیاسیە حزبیە ئاڵۆزەکەمان، دابەش بووە بەسەر دووبەرەداو ئەگەربە پێوەرە پیشەییە زانستیەکان و بە خوێندنەوەیەکی ئەکادیمیانەو نیشتمانیانە هەڵسەنگاندنی بۆبکرێ ، ناتوانین بڵێین ڕاگەیاندنێکی کوردستانی ساخلەم و پرۆفیشناڵمان هەیە .. ئاخر ئێمە زانیومانە کە ڕاگەیاندن دەبێ وەکو ئاوێنە ڕوداوەکان و دیمەنەکان و واقیعەکەمان بابەتیانەو وەکو خۆی بۆ بگوازێتەوەو پیشان بدات، نەک کەناڵێک بەزەڕەبین تەنها بۆ کەموکوڕی و ناشیرینیەکان بگەڕێت و هیچ خاڵێکی ئەرێنی ئومێد بەخش نەبینێ و بەوەش ئەگەرچاودێرێکی بێلایەن هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی ئەو جۆرە کەناڵانە ببینێ ، چەواشە ببێ و پێی وابێ ئەم وڵاتە کەڵکی ژیانی نەماوەو هیچ باشییەکی تێدا نیە.. لەبەرامبەریشەوە کەناڵێکی دیکە زومی کامێراکەی هیچ کەموو کورتی و گەندەڵی و ناشیرینیەک نەبینێ و لەئاست ناعەدالەتیەکاندا خۆی بێ ئاگا بکات وتەنها (جوانیەکان و دەسکەوتەکان) ببینێ و نمایش بکات .
بەمەش کاتێک چاودێرێکی بێلایەن و بێ ئاگا لە ڕەوشی هەرێم ئەو ڕاپۆرت و بابەتە ڕۆژنامەنوسییانە دەبینێ ، وائەزانێت هەرێم شامی شەریفە و هیچ کێشەیەکی نیەو خەڵکەکەی لەوپەڕی ئاسودەییدان .. ئەوەی من وەک چاودێرێکی ڕۆژنامەنووسیی لە ئەزمونی چەند ساڵیمدا تێبینیم کردوە ، ئێمە کۆمەڵگەیەکی شێوێنراوو چەواشەکراوین و زۆربەمان بڕوامان تەنها بە (ڕەش و سپی) هەیە و ئامادەنین هەموو ڕەنگەکان لەبەر چاو بگرین و واقیعەکە وەکو خۆی ببینین و بابەتیانەو ورد مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
هەندێ کەناڵ گوایە کرانەوەمان پێ دەفرۆشن ، کەچی ئامادەنین میوانەکانیان لە کەسانی دەرەوەی بازنەی حیزبەکەیان بێ ، نەوەک ڕەخنەیەک بگرن و خاوەنی کەناڵەکەو کەسێکی باڵادەستی حزب، نیگەران بێت .
بێگومان سەرباری ئەم قەیرانی دابەشبونەی ڕاگەیاندنی کوردستانی بۆ دووبەرەی سەرەکی ، ئەو ئازادییەش کە بەیاسا بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی و مێدیا بەگشتی دەستەبەرکراوە ، هێشتا لەژێر هەڕەشەدایەو لەسەر ئەرزی واقیع گەرەنتی نەکراوەو لەخەم نەڕەویەتەوە. بۆیە بەپێی ڕاپۆرتەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و ڕێکخراوە کوردستانیەکانی دیکەو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسیی و هەروەها بەپێی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ، هێشتا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنوسیی لەهەرێم بەردەوامە. بێگومان ئەمەش ئاستەنگ و بەربەستێکی دیکەی گەورەی بەردەم گەشەکردن و هاوسەنگبونی باری ناهەمواری ڕاگەیاندن و مێدیایە لەهەرێمی کوردستاندا .