ئەمریکا: ئامادەی کاردانەوەی زیاترین دژی چەکدارنی ئێران لە عێراق و سوریا
گروپێکی نەناسراوی عێراق هێرش بۆسەر بنکەیەکی ئەمریکا لە رۆژئاوا دەگرێتە ئەستۆ
هێزەکانی هەسەدە و ئەمریکا
2 ساڵ لەمەوپێش
گروپێکی چەکداریی عێراق هێرشەکانی سەر بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئەستۆ دەگرێت و بایدن لە نامەیەکدا دەڵێت: ئامادەکاریی دەکرێت بۆ هێرشی زیاتر دژی گروپە چەکدارەکانی ئێران لە عێراق و سوریا.
گروپێکی چەکداریی بە ناوی (لوائـ غالیبون) لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەکشەممە هێرشەکانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوی بۆسەر بنکەیەکی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان لە ئەستۆ گرتەوە و رایگەیاندوە؛ تا کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بە چەکی پێشکەوتو دەکەنە ئامانج.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە کە رۆژی پێنجشەممە 23ی ئەم مانگە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە شاری رمێلان کە دەکەوێتە رۆژئاوای کوردستان کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک سەربازی ئەمریکا برینداربون.
گومان دەکرێت ئەو گروپە کە خۆیان بە عێراقی لەقەڵەم داوە لە خاکی وڵاتەکەوە هێرشەکەیان دژی بنکەیەکی ئەمریکا لە رمێلان ئەنجام دابێت.
لە لایەکی دیکەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی (کۆنگرێس) رایگەیاندوە سوپای پاسدارنی ئێران جموجۆلەکانی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا زیاد کردوە و سێ بنکەی سەربازیی لە دێرزۆر و حەسەکە لە لایەن چەکدارانی سەر بەو سوپایەوە کراونەتە ئامانج.
بایدن لەو نامەیەدا ئاماژەی بەوە کردوە کە چەکدارانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سوریا هێرشیان کردوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆیە ئامادەی کاردانەوەی بەرفراوانتر و بەهێزترنن دژی سوپای پاسداران و چەکدارانی سەر بەو هێزەی کۆماری ئیسلامی.
رۆژی پێنجشەممە و هەینی رابردو ژمارەیەک بنکەی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژهەڵاتی دێرزۆر و هەرێمی جزیرە لە رۆژئاوای کوردستان کرانە ئامانج کە بە پێی دوایین زانیاریی کوژراوێک و پێنج برینداری لێکەوەتوەتەوە کە سەرجەمیان ئەمریکین.