دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەتونێلێكی تاریكدا
بەغداد سكاڵایەكی دیكەی لەسەر نەوتی هەرێم هەیە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كاردانەوەكانی دوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەشاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا دژ بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی توركیاوە هێشتا لەبەغداو هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە لەچەندڕۆژی داهاتوودا شاندێكی وەزارەتەكە دەگاتە توركیاو جارێكی دیكە لەسەر هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لەڕێگەی توركیاوە رێكدەكەونەوە، هەرێمی كوردستانیش لەڕێگەی ناردنی شاندێكەوە بۆ بەغدا بەدوای رێككەوتنەوەیەو لەگەڵ بەغدا رێكارو هەنگاوە نوێیەكان بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی تاووتوێكردووە، بەپێی زانیارییە میدیاییەكانیش بڕیارەكەی دادگاكەی پاریس بەر لە دوو مانگ دەرچووەو ئێستا رادەگەیەندرێت، هاوكات سكاڵاكەی عێراق لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەماوەی ساڵانی 2014 تا 2018و دادگاکە سزای زیاتر لەدوو ملیار دۆلاری بەسەر تورکیادا داوە، بەڵام بۆ هەناردەی نەوتی لەدوای ساڵی 2018ەوە تائێستا چاوەڕواندەكرێت دوو ساڵی دیكە بڕیارێكی دیكە لەلایەن دادگاكەوە دەربچێت.
رۆژی 21ـی ئاداری 2023، دوای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتیی شاندێك سەردانی توركیا كردو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەئەنقەرەی پایتەختی توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند كە بۆ ماوەی مانگێك بڕی بەشە ئاوی عێراق لەڕووباری دیجلە زیاددەكات، هەر چەند رۆژێك دوای ئەو سەردانەو لەڕۆژی 24ی ئاداری 2023 حكومەتی توركیا بەعێراقی راگەیاندووە بەپێی بڕیارێكی دادگای پاریس هاوردەكردنی نەوتی لەهەرێمی كوردستانەوە وەستاندووەو ئەو وڵاتە بڕیاری داوە چیدیكە بەبێ رەزامەندی و مۆڵەت وەرگرتن لەحكومەتی فیدراڵیی عێراق، رێگە بەكەشتییە نەوتییەكان نەدات لەبەندەری جەیهانەوە بەرەو بازاڕەكانی جیهان بەڕێبكەون.
بڕیارەكەی دادگاش رۆژی 23ی ئادار لەلایەن دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەشاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، دژی رێككەوتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی توركیا، بڵاوكرابووەوە كە بەگوێرەی بڕیارە نوێیەكە، توركیا لەمەودوا بێ رەزامەندیی بەغدا، نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە ناكات.
زۆری نەبرد وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیارەكەی پشتڕاستكردەوەو رایگەیاند: «بڕیارەكە هەموو لایەنەكان پابەند دەكات بەڕێزگرتن لە رێككەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەندیدار، وەزارەتی نەوت لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە تاكە لایەنی رێگەپێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە».
سەبارەت بەو پرسە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند «لەیەكتێگەیشتنی ئەم دواییەمان لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەكی باشە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەی پەیوەندیدار بەبڕیارەكەی دادگای پاریس».
هاوكات وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند»بڕیارەكەی دادگای پاریس لەبەرژەوەندیی حكومەتی عێراق دژی توركیا، رێگر نابێت لەپەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكومەتی بەغداو بەردەوام دەبن لەپەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا تاوەكو گەیشتن بەچارەسەری بنەڕەتی و یاسایی و دەستووری بۆ كێشەكان».
دەربارەی هەنگاوەكانی دوای بڕیارەكەش، بەپرسێكی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق كەنەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرابكات بەڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە شاندەكەی عێراق لەسەردانەكەیدا بۆ توركیا لەگەڵ بەرپرسانی وزەی ئەو وڵاتە دیداریان دەبێت و جارێكی دیكە لەسەر هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لەڕێگەی توركیاوە رێكدەكەونەوە، ئاماژەشی بەوەشكردووە: كەجارێكی دیكە هەناردەی نەوتی هەرێم تەنها بەپێی رێنماییەكانی كۆمپانیای سۆمۆ دەبێت.
هاوكات دەربارەی كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق، لەڕاگەیەندراوێكدا ئەوە خراوەتەڕوو: لەكۆبوونەوەكەدا رێكارو هەنگاوە نوێیەكان بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم تاوتوێ كراوە.
كێشەكانی هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ حەوت ساڵ پێش ئێستا، دوای ئەوەی لەمانگی نیسانی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بەشێوەیەكی راستەوخۆو بێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی عێراق نەوت هەناردە بكات، لەڕۆژی 8ـی ئایاری 2014، وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەردەمی حكومەتەكەی (نوری مالیكی)دا رایگەیاند، سكاڵایەكی لەبارەی یاساییبوونی بەكارهێنانی هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراقی- توركی بۆ گواستنەوەو هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان بەبێ رەزامەندیی حكومەتی عێراق خستووەتە بەردەم دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس ئەمەش لەژێر رۆشنایی رێككەوتننامەی گواستنەوەی نەوتی عێراقی لەگەڵ توركیا لەساڵی 1973، هەرچەندە ئەم سكاڵایە لەسەردەمی كابینەكەی (حەیدەر عەبادی) لەكۆتایی ساڵی 2014 سڕكراو دواتر لەسەرەتای ساڵی 2017 چالاككرایەوە، پاشان لەسەردەمی كابینەكەی (عادل عەبدولمەهدی) جارێكی دیكە سكاڵاكە سڕكرایەوەو دواتر چالاككرایەوە.
بڕیارەكەی دادگا پەیوەندی بەو سكاڵایەوە هەیە كەعێراق تۆماریكردووەو پەیوەستە بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەنێوان 2014 تاوەكو 2018و عێراق داوای زیاتر لە 30 ملیار دۆلاری لەتوركیا كردووە وەك قەرەبوو، هاوكات بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم لەدوای ساڵی 2018ەوە تاوەكو ئێستا عێراق سكاڵایەكی دیكەی تۆماركردووەو چاوەڕواندەكرێت دوو ساڵی دیكە بڕیارێكی دیكە لەلایەن دادگاكەوە دەربچێت.
بڕیارەكەی دادگای پاریس لەدوای فشارەكانی بەغداد بۆ سەر نەوتی هەرێم دێت ئەویش لەپاش ئەوەی لە 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری نادەستوریبوونی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی دەركردو داوایكرد هەرێم نەوتی خۆی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، هاوكات وەزارەتی نەوتی عێراقیش چەندین رێوشوێنی توندی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی گرتەبەر لەوانە ئاگاداركردنەوەی كۆمپانیاكانی نەوت كە لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن و بەوەی چیتر لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێم كارنەكەن و داوا لەتوركیا بكرێت رێگەنەدات نەوتی هەرێم بەخاكەكەیدا بڕوات و حكومەتی ناوەند هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم نەنێرێت تاوەكو هەرێم نەوتەكەی رادەست دەكات و چەندین بڕیاری دیكەش.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێكی پارتی بۆ ئاژانسی (بەغداد ئەلیەوم)» بڕیارەكەی دادگا فەرەنسییەكە دوو مانگ بەر لەئێستا دەرچووە، بەڵام ئێستا دراوەتە راگەیاندنەكان و بڵاوكراوەتەوە، ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستووەتەڕوو بڕیارەكە بەهۆی رێككەوتنی هەرێم و بەغداوە زۆر گرنگی نییە».
لەماوەی دوو مانگی رابردوودا كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی بەدواداچوونی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم كردووە، بەگوێرەی نووسراوێكی كۆمپانیاكە كە 8ـی ئاداری 2023 ئاراستەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵیی عێراقی كردووە، لەهەردوو مانگی كانوونی دووەم و شوباتی 2023، هەرێمی كوردستان 24 ملیۆن و 73 هەزار و 523 بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە، كە 11 ملیۆن و 635 هەزارو 810 هەزار بەرمیل لەمانگی كانوونی دووەم بووە، هەر بەرمیلێك بە 75.5 دۆلار فرۆشراوە، بۆ مانگی شوباتیش نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان 12 ملیۆن و 419 هەزار و 317 بەرمیل بووە، بەنرخی 76.8 دۆلار بۆ یەك بەرمیل نەوت و تێكڕای بەهای نەوتی فرۆشراوی هەرێمی كوردستان لەو دوو مانگەدا، یەك ملیارو 834 ملیۆن و 741 هەزارو 640 دۆلار بووە.