پارێزەری دەستگیركراوانی بادینان: كەیسێكی دیكە بۆ شێروان شێروانی حازر كراوە

بەشدار حەسەن: راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا 100% راستە

یەک ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان دەڵێت: راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بەسزادراوانی بادینان لەسەدا سەد راستەو هێشتا كەمیشی وتووەو هەقی پێویستی پێنەدراوە، چونكە بەشێك لەزیندانیان ئەشكەنجەی توند دراون كەئەوە هەر باسنەكراوە.

بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی رایگەیاند: «هێشتا چوار كەس لەدەستگیركراوانی بادینان لەزیندان ماون، ئەوانیش (مەلا نەزیر)و (قارەمان شكوری) لەدهۆك و لەهەولێریش (گوهدار زێباری) و (شێروان شێروانی) ماون و ئەوانی دیكە ئازادكراون.

قارەمان شوكری و مەلا نەزیر هەریەكەو حەوت ساڵ سزایان هەیە سێ ساڵیان رۆیشتووەو چوار ساڵیان ماوە، شێروان شێروانی مانگی نۆ ئازاد دەكرێت، بەڵام پێشنیاری ئازادبوونی بەمەرجمان بۆ كردووەو ئەگەر رەتنەكرێتەوەو رەزامەندی لەسەربدرێت لەلایەن دادگاوە كۆتایی هەفتەی داهاتوو شێروان شێروانی ئازاددەكرێت و رەتیشبكرێتەوە مانگی نۆ ئازاد دەكرێت.

گوهدار زێباری حوكمەكەی تەواو بووە، بەڵام لەسەر لۆگۆی ئۆتۆمبێل سزاكەی حەوت مانگی تر درێژكرایەوەو دەبوایە ئێستا لەماڵەوە بوایە، بەڵام لەسەر گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێل كەكاتی خۆی كڕیویەتی و لۆگۆكەی گۆڕاوە، ئۆتۆمبێلەكەی دایۆ بووەو لۆگۆی توێتای پێوە بووەو مۆدێلیشی كۆن بووە، لەسەر ئەوە دادوەر حەوت مانگی تر حوكمەكەی درێژكردەوەو لەئێستادا لەدادگای تەممیزەو كۆتایی هەفتەی داهاتوو بڕیارەكەی دەردەچێت جا یان ئازاد دەكرێت یان حەوت مانگەكەی لەسەر ساغدەبێتەوەو یان بۆی كەمدەكرێتەوە یانیش بۆی دەكرێت بەپێبژاردن».

بەشدار حەسەن دەڵێت:»سەبارەت بە شێروان شێروانی ئومێدمان هەیە ئازادبكرێت بەڵام كەیسێكی دیكەی بۆ حازركراوە بەوەی كەگوایە پەنجەمۆری هاوڕێیەكی ساختەكردووە كەكاتی خۆی داوای گواستنەوەی بۆ زیندانی سلێمانی كردووە، بەڵام كاتی خۆی ئەوانە لەنێوان خۆیان رێككەوتوون لەجیاتی یەكتر واژۆ بكەن، چونكە پەیمانی شەرەف لەنێوانیان هەبووە هەر شتێك باشبێت لەجیاتی یەكتر پەنجەمۆر بكەن، تەنها ئەو كەیسە هەیە كە بۆ شێروان شیروانی-یان حازركردووە كەگوایە ساختەی كردووە كەئەویش ساختە نییە».

هاوكات لەبارەی راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بەڕەوشی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان بەگشتی و رەوشی زیندانیانی بادینان، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان رایگەیاند: «ئەو راپۆرتە ١٠٠٪ راستەو هێشتا كەمیشی وتووەو هەقی پێویستی پێنەدراوە، چونكە بەشێك لەزیندانیان ئەشكەنجەی توند دراون كەئەوە هەر باسنەكراوە كە لەسەرەتای لێكۆڵینەوەدا ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون، بەڵام لەئێستادا ئەو ئەشكەنجانە نەماون بەڵام جاروبار لێیان تووڕە دەبن و دەیانكەنە زیندانی تاكەكەسییەوەو ناوە ناوە ١٥ رۆژ تەلەفۆنیان لێ قەدە‌غەدەكرێت و لەئێستادا كەم تازۆر پەیوەندیان پێوەدەكرێت».

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار