بەهای دۆلار لە ئێران بەرز دەبێتەوە

تمەن لە 10 رۆژدا 11%ی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەست دەدات

2 ساڵ لەمەوپێش



بەهای تمەن بەردەوامە لە دابەزین و دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران بە خێرایی بەرچاو بەرزبونەوە بەخۆیەوە دەبینێ و شارەزایەنی ئابوریی هۆشداریی دەدەن لە رودانی گەورەترین هەڵاوسان لە مێژوی وڵاتەکەدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 5:30 ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 55 هەزار تمەن و بەهای ئەو دراوە بەرامبەر تمەن لە ماوەی 10 رۆژدا زیاتر لە 11% بەرزبوەتەوە.

سەرچاوەکانی هەواڵی ئابوریی ئێران لە زاری شارەزایانی ئابورییەوە ئاماژەیان بەوە کردوە؛ بانکی ناوەندیی وڵاتەکە بۆ چارەسەریی کەمیی دراوی بیانی، چاپی دراوی تمەنی بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ 34% بەرزکردوەتەوە کە بەرزترین رێژەی 10 ساڵی رابردوە.

ئەو سەرچاوانە جەختیان لەوە کردوەتەوە ئەگەر رێگریی لە دابەزینی زیاتری بەهای تمەن نەکرێت ئەوا هەڵاوسانی ئێران دەبێتە سێ ژمارەیی و گەورەترین هەڵاوسانی ئابوریی لە مێژوی وڵاتەکەدا رودەدات.

بەرپرسانی ئێران تا ئێستا رونکردنەوەیان لەسەر هۆکارەکانی بە خێرایی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن لە وڵاتەکە نەداوە.

دابەزینی بەهای تەمەن بەرامبەر دۆلار لە کاتێکدایە ئێران رایگەیاندوە لە ساڵی 2022 بە بڕی 52 ملیارد و 500 ملیۆن دۆلار کاڵای نانەوتیی هەناردە کردوە و بە پێی راپۆرتی دامەزراوەی زانیاریی وزە لە ئەمریکا تەنها لەو ساڵەدا ئێران بە بەهای 58 ملیارد دۆلار نەوتی فڕۆشتوە و بەوەش ساخکردنەوە و فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکە بەراورد بە ساڵانی رابردو 49% زیادی کردوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار