کتێبی ژینابەندان: ژن ژیان ئازادی بە فەڕەنسی کەوتە بازاڕەوە

12 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کتێبی ژینابەندان لە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە وڵاتی فەڕەنسا کەوتە بازاڕەوە و ئێستا لە لای کتێبفرۆشەکان لەو وڵاتەو و لە رێگای ئۆنلاینیەوە دەست دەکەوێت.

ئەم کتێبە کۆمەڵە شیعری ٤٤ شاعیری فڕەنسی و فرانکۆفۆنی لەخۆی گرتووە کە لە ستایشی ژینا ئەمینی و بۆ بەرگری و شایانلێنان لە ژنانی کوردستان و ئێران نووسراوە.

هاوکات ئەم کتێبە بەشێک بوو لە پرۆژەیەک بەناوی ژینابەندان بە دەستپێشخەریی شاعیر و نووسەری کورد نەزەند بەگیخانی سەرەتا لە کورتە ڤیدیۆیەک بڵاوبۆوە و دواتر بە هاوکاریی شاعیری فەڕەنسی نیکۆل باریێر چاپ و بڵاوکراوەتەوە کە لە ٧٠ لاپەڕە پێکدێت.

لە پێشەکیی کتێبەکەدا کە نەزەند بەگیخانی نووسیویەتی، بە وردی باس لە بزووتنەوە و سەرهەڵدانی گەلانی کوردستان و ئێران دەکات دوای مەرگی ژینا ئەمینی.

جێگەیباسە ،یەکەمجارە لە تاوتوێی کتێبێکدا شەرعییەتی ئەو بزووتنەوەیە بە بەڵگەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ کورد و ژنانی کوردستان، هەروەها باس لە رەگیی کوردیی دروشمی ژن ژیان ئازادی دەکات کە ئەمڕۆ لە هەموو جیهان بۆتە سیمبۆلی تێکۆشانی ژنان بۆ یەکسانی و دژی چەوسانەوە و نێرسالاری. لە پێشەکییەکەدا، نووسەر شایان لە هەمەلایەنی و فرە ئێتنیکیی بزووتنەوەکە دەنێت و لێکدانەوەیەکی ئینتەرسێکشنالی بۆ دەکات.

نیکۆل باریێر دەبارەی هاوکاریی و بەشداری لەم پرۆژەیەدا دەڵێت: "ئێمە لێرەوە بە وشە دەریدەبڕین کە لەگەڵ ژنانی کوردستان و ئێرانین بۆ نەهێشتنی دیکتاتۆی و جوداکاری و نادادوەری."

نەزەند بەگیخانیش، کە جگە لە نووسینی پێشەکی و دەستپێشخەریی بۆ پڕۆژەکە، شیعرێکی لە دیوانەکەدا هەیە، لە راگەیاندنێکدا وتی: "ئەم کتێبە سەرەتا بە شیعرێک لە ستایشی ژینادا دەستی پێ کرد کە یەکسەر دوای مەرگی ژینا نووسیم. دواتر بانگەوازێکمان ئاراستەی شاعیرانی فڕەنسیمان کرد تا بە شیعر پشتگیریی خۆیان بۆ بزووتنەوەی ژینا و تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی و دادپەروەری لە کوردستان و ئێران دەربڕن. کتێبەکە جگە لەوەی گوزارشە لە گیانی بەدەنگەوەهاتن و پشتگیری، رۆل و قوربانیدانی کورد باس دەکات و بەرپرسیارییەکی ئێتیکی و ئێستێتیکیشە بەرامبەر ژنان و پیاوانی کوردستان و ئێران کە خەون بە جیهانێکی جوانترەوە دەبینن. لە سەردەمێکدا کە خودپەرستی و خودسالاری مرۆڤی خستۆتە ناو تەنیاییەکی کوشندەوە، شاعیران لە رێگای شیعرەکانییانەوە سنورە دەستکردەکانی نێوان مرۆڤ و نەتەوە و دەوڵەتان تێدەپەڕێنن و بە وشە ئاوێتەی خەونی چەوساوەکان دەبن. شاعیرەکان نەوەی ڤیکتۆر هوگۆ و لویس ئەراگۆن و پۆل ئێلوار و رونێ شار-ن کە شیعرەکانیان وەک بومبێکی لیریکی وایە لە پێناوی دادپەروەری و ئازادی دەتەقێتەوە. لە رێگای ئەم دیوانەوە، شاعیرەکان ژیان و هیوا لە وشەدا نەخش دەکەن کە وا دەکەن هەمیشە خەون ببینین و بەرەو ئەو ئازادییە هەڵکشێین."

جگە لە روماڵکردنی ئەم کتێبە و هەڵسەنگاندنی لە لایەن میدیا فڕەنسییەکانەوە، ئەم کتێبە لە مانگی پێنجەوە لە گەشتێکی شیعری لە پاریس و شارەکانی دیکەی فڕەنسا دەناسێنرێ و دەخوێنرێتەوە.

کتێنی ژینابەندان: ژن ژیان ئازادی

دەستپێشخەری و ئامادەکردن: نەزەند بەگیخانی و نیکۆل باریێر

پێشەکی: نەزەند بەگیخانی

چاپ: پاریس، دەزگای هارماتان، بەشی میللەت و کولتور و ئەدەبییاتی رۆژهەڵات

لاپەڕە: ٧٠

دیزاینی  بەرگ: رووناک رەسولپوور

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار