باڵایه‌ك

2 هەفتە لەمەوپێش



ده‌نگێك ده‌تته‌زێنێ و كاست ده‌كا

ئازاری خۆتت له‌بیر ده‌كا

ده‌نگێك له‌و دووری دووره‌وه

كاری سوێ به‌خشی خۆی ده‌كا

***

نازانم ده‌نگ به‌ گوڕتره‌ یا تیشك

ئه‌وه‌ ده‌نگه‌ له‌ هه‌ناسه‌یه‌كدا، ئازار و ژان

ده‌خاته‌ سه‌ر باڵه‌كانی، كات و شوێن به‌رگه‌ی ناگرن

بروسكه‌ دوای خۆی ده‌خا

وه‌ختێك ده‌گا

خه‌م ده‌بارێنێ و ده‌رگای گریان ده‌هه‌ژێنێ،

گه‌رووی پڕ ئاخ له‌ قوڵپدان ده‌كه‌وێ

قورسایی چین چین، دیوار له‌ ناخدا دروست ده‌كا

***

گه‌ڕه‌كی مه‌لایان، هه‌موو ماوه‌ت، له‌وه‌ش زیاتر گشت شارباژێڕ

باوكی تۆ بوو، ده‌ستی ده‌گه‌یشته‌ هه‌موو لایه‌ك

له‌ ده‌رگه‌زێنی بازیانه‌وه‌، له‌ گه‌رمیان و كه‌ركوكه‌وه‌

بارته‌قا له‌ تووتن و له‌ گه‌نم و‌ جۆ

باری ده‌برد، هه‌گبه‌ی پڕ و تێلیسی خه‌ت سوور و شینی لێوان لێوان

به‌ره‌و سه‌رده‌شت و مه‌هاباد و مه‌ریوان،

ئه‌وجا بۆ سه‌ردانی كه‌س و كاری خانه‌قای شێخی بورهان

بڕۆ بڕۆ زیاتر بڕۆ، تا ده‌گاته‌ سنووری بێ ناونیشانی

ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان

له‌و سه‌ره‌وه‌ سه‌ماوه‌ر و ئیستیكان و ژێر ئیستیكان

ده‌هێنایه‌وه‌ بۆ لای هه‌مووان

له‌ دیواخانی گه‌رم و خوانی چڕ و

له‌ قوله‌تێنی دڵی گه‌وره‌ و

چاوی گه‌ش و ده‌ستی بڵاوی پڕ شه‌كر و چا

توره‌كه‌ی سجوق و باسوق، مێوژ و دووبه‌ره‌ی هه‌نگوین

ده‌به‌خشیه‌ میوانی به‌ر سۆپا و به‌ر ئاگردان

***

به‌ بیرم دێ، له‌ گۆماو، كانی به‌سێ، كانی سام و كانی سه‌پان،

به‌ردی زرنگ و وشكه‌ڵاوێ

چه‌می قه‌شان و بایه‌وێ

له‌ گه‌ڵ كوڕه‌داره‌كان ڕاده‌وه‌ستای

تۆ كوڕه‌پیاو بووی،

تۆ له‌ گشتیان به‌رزتر بووی

له‌ په‌نای هه‌ر گابه‌ردێك كه‌ ڕاده‌كشای

به‌سه‌ر سنگتدا تلیان ده‌دا

ده‌یانزانی تۆ له‌وان سه‌نگینتری،

پیاوه‌تیشت له‌ زه‌ریای بێ بنا، شه‌پۆل

دێنێته‌به‌ر خه‌رمانی، جریوه‌ی مرواری

***

كه‌س له‌ زمانی مردن تێناگا

پرسیارێك قه‌بوڵ ناگا

تكام له‌ نه‌خۆشی كرد

له‌ مردنیش پاڕامه‌وه‌

ئه‌و ده‌رفه‌تی نه‌دا، ئه‌میش

ئه‌مری پێ بوو، منیش بێ وه‌ڵام مامه‌وه‌

***

بۆ منی دوای تۆ  

له‌ره‌ی ده‌نگت له‌ ناخمدا

هه‌رده‌م، ئاوازی یاده‌ت لێده‌دا

شه‌ماڵ و خونچه‌ له‌ دڵی تۆوه‌، فێری نه‌رمی بوون

له‌ باڵای تۆوه‌، به‌رزی ئاشنای دوندی و به‌رزی بوون

تیشكی ڕووی گه‌ش و گه‌رمت،

تریفه‌ داوێ و دنیا ده‌گرێ،

گوڵاڵه‌ی دێمه‌كار و نێرگزی به‌راو

وه‌ك چۆن ئه‌وان بێ خاك نابن

چاوی جوانی خاڵێتیت،

ده‌مێننه‌وه‌ و ئاوانابن

 

هه‌ینی ـ 6ی كانوونی یه‌كه‌می 2024

له‌نده‌ن

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار