نوێترین دەرکەوتنی فەیروز لەدوا ماڵئاواییکردن لە زیاد ڕەحبانیی کوڕی

دوێنێ
ئەمڕۆ، لەمەراسیمی ماڵئاوایی کردن لە زیاد ڕەحبانی لە کەنیسەی ڕەقاد، فەیروز ئامادەبوو کە ئاپۆڕایەکی گەورەی میوزیککاران، ئاوازدانەران، گۆرانیبێژان، شانۆکاران و هونەرمەندانی بوارەکانی دیکەی هونەر ئامادەبوون.
فەیروز، کە گەلێک نازناوی هەیە و هەندێکیان لە ناوی گۆرانییەکانیەوە وەرگیراون، لەوانە: خانمی بەیانیان، دەنگی سپێدە، شاژنی گۆرانی عەرەبی، پاساری خۆرهەڵات، یاسەمینەکەی شام، باڵیۆزی نێو ئەستێرەکان، هاوسێی مانگ و ..هتد
زیاد ڕەحبانی (١-١-١٩٥٦ – ٢٦-٧-٢٠٢٥) کوڕی عاصی ڕەحبانی (١٩٢٣-١٩٨٦)، ئاوازدانەر و میوزیکژەنی بەتوانا و بەنێوبانگی لوبنانی و خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی بەنێوبانگ نیهاد حەدداد کە ناسراوە بە فەیروز (١٩٣٥ - ....) ە.
عاصی ڕەعبانی، هاوسەرری فەیروز، برای مەنسوور ڕەحبانی (١٩٢٥-٢٠٠٩) بوو، کە ئەویش ئاوازدانەر و میوزیکژەنێکی بەتوانا و بەنێوبانگ بوو. کە باوکیشیان حەنا ئیلیاس ڕەحبانی، ئاوازدانەر و میوزیژەنێکی بەتوانا و بەنێوبانگ بوو. کە ئەم دوو برایە ناسرابوون بە دوو برا ڕەحبانییەکە.
خانەوادەی ڕەحبانییەکان، داهینەری میوزیک و گۆرانیی شانۆیی بوون و قوتابخانەیەکی میوزیکی تایبەت بوون لە جیهانی میوزیک، گۆرانیی و هونەری عەرەبییدا.
بەشێک لە گۆرانییەکانی فەیروز، لە ئاواز و میوزیکی زیاد ڕەحبانیین.
یەکەم ئاوازی زیاد بۆ دایکی لە تەمەنی ١٧ ساڵییدا بوو، کە یەکێک لە گۆرانییە هەرە بەنێوبانگ و جوانەکانی فەیروزە بە ناوی "سالونی الناس عنک یا حبیبی". هەروەها گۆرانییەکانی "سلم لی، انا عندی حنین ..."
شایانی ئاماژەپێدانە، ئەوەی کە لە چاوپێکەوتنێکدا، زیاد ڕەحبانی جگە لە پیانۆ و ڤایۆڵین سەرسامی ئامێری میوزیکی سازە. پێشکەشکارەکەش، دەڵێت ساز سەر بە خێزانی عودە؟ زیاد دەڵێت: نەخێر، چونکە ساز تاڵە ژێیەکانی کانزایین "ئاسنن" وجیاوازە لە عود. پێشکەشکارەکە دەڵێت: ساز ئامێرێکی میوزیکی لە بنەڕەتدا تورکییە. زیاد ڕەحبانی، دەڵێت: نەخێر تورکی نییە و بە بنەڕەت "ئەصڵ" کوردییە.. بەڵام تورکەکان دەیانەوێت بیکەن بە هی خۆیان. بەڵام ساز بە بنەڕەت "ئەصڵ" کوردییە.
زیاد ڕەحابی، دوای ماوەیەک لە نەخۆشکەوتنی، بە هۆکاری نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر، کۆچی دواییکرد.

