قیسارەی زێڕینی ئور

12 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

قیسارەی زێرینی ئور کە بەقیسارەی سەرەگای ئوریش ناسراوە یەکێکە لەکۆنترین و سەرنجکێشترین ئەم دەستسازانەی کە لەمیزۆپۆتامیادا دۆزراوەتەوە. ئەم قیسارەیە یەکێکە لەو چەند ئامێرە مۆسیقیانەی کە لەنێوان ساڵانی ١٩٢٦-١٩٢٧ لەهەڵکەندنی شوێنەواریی لەشاری ئور (پارێزگای زیقاری ئێستای عێراق) بەهاوبەشی لەلایەن زانکۆی پێنسیلڤانیا و مۆزەخانەی بەریتانیا لەژێر سەرپەرشتی لیۆنار وولی لەناو هەڵکۆڵینەکانی «گۆڕستانی شاهانەی ئور» دۆزرایەوە.

ئەم قیسارەیە لەبەشی «چاڵی مەزنی مەرگ»ـی ناو  گۆڕستانەکەدا لەنزیک تەرمی زیاتر لەحەفتا سەربازو خزمەتکار دۆزرایەوە. یەکێکە لەچەندین قیسارەو هارپ (چەنگ) کە لەگۆڕستانەکەدا دۆزراونەتەوە کەمێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتای شانشینی سێیەم (٢٥٥٠-٢٤٥٠ پێش زایین).

قیسارەی زێڕینی ئور لەناو گۆڕی شاژن پوبابی بووە (شاژنی شاری ئور، باوەڕ وایە لەساڵی ٢٦٠٠ پێش زایین کۆچی دوایی کردبێت). تەرمی شاژن پوبابی کە تاجی لەسەر بوو و بەگەوهەر رازاوەتەوە لەگەڵ ٧٤ تەرمی دیکە دۆزرایەوە کە ٦٨یان لەڕەگەزی مێ بوون. ئەو نێرو مێیانەی دۆزراونەتەوە هەموویان هەمان جۆری جلوبەرگیان لەبەردا بووەو هەریەکەیان دەفرێکیان بەدەستەوە بووە کەپێدەچێت ئەو ژەهرەی تێدابووبێت کەهەموویان لەکاتی خۆکوشتنی بەکۆمەڵ خواردبێتیانەوە. شوێنەوارناسان باوەڕیان وایە، خۆقوربانی بەشێک بووە لەئەرکی دەربارانی شاژن. یەکێک لەو ئێسقانەی لەگەڵ قیسارەکە دۆزراوەنەتەوە، هی خاتوونێکە کەباوەڕوایە قیسارە ژەنەکە بووبێت، چونکە دەستی مێینە بەدبەختەکە لەسەر بەشی ژێکانی قیسارەکە بووە. لیۆنار وولی ئەم دیمەنە بەم شێوەیە وەسف دەکات کە «... کاتێ دەبینی دەستەکانی ژنەکە لەسەر ژێی ئامێرەکە بووە، وەک ئەوەی تا دوا ساتی ژیانی ئامێرەکەی ژەنیبێت.»

بەهۆی شوێنی دۆزینەوەکە، وا بیردەکرێتەوە کەقیسارەکان لەڕێوڕەسمەکانی ناشتندا وەک هاوەڵی گۆرانی بەکارهێنراون. هەر قیسارەیەک یازدە ژێی هەبوو کەکاتێک دەژەنرا دەنگێکی زرینگەداری دەردەکرد کە بەدرێژایی هەر گۆرانییەک دووبارە دەبووەوە. ئەم ئامێرە کۆنانە دوو جۆر بوون: هەیان بووە لەسەر شێوەی سندوق بووەو ئەوانی تریش لە شێوەی قاپ بوون. قیسارە سندوقییەکان لەسەر شێوەی سدووقێک درووستکراون و شێوە قاپییەکانیش تاڕادەیەک چەماوەیی بوون و توانراوە لەسەر کۆش بژەنرێن. قیسارە زێڕینەکەی ئور سندووقی بووەو دەبوایە لەسەر ئەرز دابنرێت و بەوەستانەوە بژەنرێت و بەهەردوو دەستەکانیش ژێکانی بکێشرێن.

ئەم ئامێرانە، یان ئەوەی لێیان مابووەوە (زۆربەی بەشە بەنرخەکانی کە لەبەردی گرانبەها، زیوو زێڕ پێکهاتبوو) نۆژەنکرانەوە و لەنێوان ئەو مۆزەخانانەدا دابەشکران کە بەشدارییان لەهەڵکەندنەکاندا کردبوو. جوانترینیان دراوە بەمۆزەخانەی بەغدا و بەقیسارەی زێرینی ئور ناونرا.

بەداخەوە، لەمانگی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣دا، دوای لەشکرکێشی دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمریکا بۆ سەر رژێمی لەناوچوی سەدام حسێن، لەمۆزەخانەی عێراق لەبەغدا لەلایەن تاڵانچیەکانەوە دزراوو زیانێکی زۆریان بەقیسارە هەزاران ساڵەکە گەیاند. تاڵانچییەکان هەرچی گرانبەهابووە لەزیوو زێڕ کەقیسارەکەی داپۆشیبوو بردبوو و بەتەواوی شێواندبوویان بەڵام دواتر لەشوێنی وەستانی سەیارەی بانکی ناوەندی عێراق بەپارچە پارچە کراوی دۆزرایەوە. دوای نۆژەنکردنەوەو چاککردنەوەی، ئێستا قیسارەی زێرینی ئور لەمۆزەخانەی پێنە لەپێنسیلڤانیا و نمونەیەکی هاوشێوەیشی لەمۆزخانەی عێراق لەشاری بەغدادە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار