ئێران لە پێنج رۆژدا دەست بەسەر دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە کەنداودا دەگرێت

سوپای پاسداران دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەک لە گەروی هورمز رادەگەیەنێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



سوپای پاسداران دەست بەسەر کەشتییەدا لە کەنداو دەگرێت و سوپای ئەمریکاش دەڵێت ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە لە کاتی پەڕینەوە لە گەروی هورمز دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد؛ دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە ئاوەکانی کەنداودا گرتوە و ئەوەش دووەمین کەشتی نەوتهەڵگرە کە ئێران لە ماوەی پێنج رۆژدا دەستی بەسەردا گرتوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەر پێشتر ئاشکرای کردبو کە ئێران لە رۆژی هەینی (28/4/2023) دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەنداودا گرتوە کە هەڵگری ئاڵای دورگەکانی مارشاڵ بوە و بڕیاربوە نەوتەکەی بۆ ئەمریکا بگوازێتەوە.

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرەی ئەمڕۆ دەستی بەسەردا گیراوە هەڵگری ئاڵای پەنەما بوە و زانیاریی زیاتری ئاشکرا نەکردوە.

لە لایەکی دیکەوە یەکەی پێنجەمی هێزە دەریاوانییەکانی سوپای ئەمریکا رایگەیاندوە کەشتییە نەوتهەڵگرەکە بە ئاڵای پەنەما لە کاتی تێپەڕین لە گەروی هورمز لە لایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

دەستبەسەردا گرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە لایەن ئەمریکا و ئێرانەوە گرژییەکانی ئەو دوو وڵاتەی توندتر کردوە لە ماوەی رابردوشدا سوپای پاسداران ڤیدیۆیەکی هۆشداریی بۆ کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکا بڵاو کردەوە کە داوای دورکەوتنەوەی ئەو کەشتییەی سوپای ئەمریکا لە ئاوەکانی سنوری ئێران لە کەنداو دەکات.

گەروی هورمز یەکێکە لە گرنگترین سنورە ئاوییەکان کە زیاترین گواستنەوەی نەوت و گەشتییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار