ئوستورەی ئافراندن لەسۆمەر
2 ساڵ لەمەوپێش
دەشتی مەحمود
سۆمەرییەکان یەکێک لەشارستانییەتە سەرەتاییەکانی سەر زەوی (٣٥٠٠-١٧٥٠ پ.ز) گەشەپێداوە، بەڵام تاناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم تەنانەت گومانی بوونی گەل و شارستانییەتێکی لەو جۆرەیان لەئارادا نەبووە. بێگومان، خەڵک لەمێژە دەربارەی بابلییەکانەوە دەیانزانی، بەو پێیەی میسری کۆن و عیبری و یۆنانیەکان هەموویان بەرکەوتنیان لەگەڵدا هەبوو و لەسەریان نووسیبوون. کەچی کەس نەیدەزانی کە سۆمەرییەکان پێش بابلییەکان هەبوون و سیستەمی نووسین و ئایینی و کشتوکاڵییان پەرەپێداوە کە بابلییەکان دواتر وەریانگرتووەو دەستکارییان کردووە. هەموو ئەمانە لەسەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا گۆڕانی بەسەرداهات کاتێک شوێنەوارناسانی بەریتانی و ئەڵمانی و فەرەنسی دەستیان کرد بەهەڵکەندن و کنەکردنی ئەو تەپۆڵکە زەویانەی کەپاشماوەی ئەو شارانە بوون کەهەزاران ساڵ لەمەوبەر لەدۆڵی رووباری دیجلە و فوراتدا گەشەیان کردووە، لەناوچەیەکدا کە لەناو کتێبە مێژووییەکاندا بەمیزۆپۆتامیا (نێوان دوو ووبار) ناسراوە. شوێنەوارناسان لەپرۆسەی شیکردنەوەی ئەو تاتەقوڕانەی کە بەزمانی بابلی (کە پێی دەگوترا «ئەکەدی») نووسراون، گومانیان هەبوو کەسیستەمی نووسینەکە لەڕاستیدا بۆ ئەم زمانە ناگەڕێتەوە و ناگونجێت و بەم پێیەش دەبێ بۆ زمانێکی پێشووترو نەناسراو داهێنرابێت. دواجار دوای نیو سەدە لەشیکردنەوە و کنەکردن، بوونی زمان و گەل و شارستانیەتی سۆمەری پشتڕاستکرایەوە.
گێڕانەوەی پەیدابوون
چیرۆک یاخود گێڕانەوەی بنەچەو پەیدابوون، چیرۆکێکە کە باس لەچۆنیەتی پەیدابوون یاخود دەستپێکی شتێک دەکات. دەکرێت ئەم چیرۆکانە دەربارەی ژیان، گەردوون، مرۆڤ، ئاژەڵ، شت، شوێن، یان بیرۆکە بن. زۆرێک لەچیرۆکەکانی پەیدابوون لەڕێگەی نەریتی زارەکییەوە دەگوازرێنەوەو لەناو فۆلکلۆرو ئوستورەکاندا دەدۆزرێنەوە. زۆرجار چیرۆکەکانی پەیدابوون ئەمە وون دەکەنەوە کەچۆن شتەکان بەو شێوەیە بوون کەهەن، یان بۆچی شتەکان بەهەندێک شێوە وودەدەن.
بۆ نموونە، دەکرێت لەچیرۆکەکەدا باس لە چۆنیەتی ئافراندنی شاخ یاخود زمان بکات، یان بۆچی مانگ و خۆر و ستێرکەکان لەئاسمانن. هەروەتر، ئەم چیرۆکانە زۆرجار زانیاری دەربارەی باوەڕو بەهای کەلتورێک نیشاندەدات و هەندێجار ئەم چیرۆکانە وانەیەکی ئەخلاقی پێشکەش دەکەن و ەنگدانەوەی هزری مرۆڤانی ئەو سەردەمەمان بۆ رووندەکەنەوە.
ئافراندنی مرۆڤ
بێگومان، میزۆپۆتامییەکان چەندنین چیرۆکی ئافراندنی مرۆڤیان هەیە و ئەمەی لێرەدا باس دەکرێت، یەکێک لەم چیرۆکانەی ئافراندنی مرۆڤ. لەئوستورەی «ئافراندنی مرۆڤ»ـی میزۆپۆتامیادا چۆنیەتی دروستبوونی جیهان و هاتنی مرۆڤایەتی دەگێڕێتەوە. چیرۆکەکە لەڕوانگەی خواوەند ئێنکیــەوە دەگێڕدرێتەوە کە لەئوستورەی ئەکەدیدا بەئیا ناسراوە. ئافراندنی مرۆڤ لەدوای جیابوونەوەی ئاسمان لەزەوی دەستپێدەکات و دوای ئەوەی لەسەر زەوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و جۆگەلەکان دامەزران، ئینکی لەکاتی مەلەکردندا لەناکاو بیرۆکەیەکی بۆ دێت. ئینکی بڕیار دەدات مرۆڤ دروستبکات بۆ ئەوەی کەسێک هەبێت خزمەتی بکات و هەموو کارەکانی چاندن و ئاودێری بۆ بکات لەکاتێکدا ئەم پشوو دەدات. وەک سەرەتایەک بۆ کارپێکردنی بیرۆکەکەی، مرۆڤێکی لە گڵ دروستکرد.
دوای ئەم کردە ئافرێنەرانەی ئینکی، خواوەندەکانی تر بەبڕیارەکەی ئێنکی بۆ دروستکردنی مرۆڤایەتی دڵخۆش نەبوون و هەوڵیاندا رێگری لێبکەن. کەچی، نینهورساگی هاوژینی ئێنکی یارمەتیدا بەخستنەوەی هەشت جۆری رووەک کەدواتر بەکاریهێنا بۆ دروستکردنی هەشت مرۆڤ. دواتر، ئەم مرۆڤانە نوێنەری یەکەمی هەموو ئەو گەل و کەلتورە جیاوازانە بوون کە لەجیهاندا دەهاتنە ئاراوە.
ئێنکی زۆر دڵخۆش بوو بەئافراندنەکەی و بڕیاریدا دیاریی زانین بەمرۆڤایەتی بدات. ئەمەش بەفێرکردنی چۆنیەتی نووسین و چۆنیەتی بەکارهێنانی ژمارەکان ئەنجامدا. هەروەها ئەرکی گرنگیدان بەزەوی و هەموو بوونەوەرەکانی سەر زەوی بەمرۆڤ بەخشی.
لەچیرۆکی ئافراندنی مرۆڤدا، دەردەکەوێت کەهۆکاری دروستکردنی مرۆڤ خزمەتکاری خواکان بووە، واتە، مرۆڤ بۆ ئەوە ئافرێندراوە کە هەندێ لەکارەکانی خواکان بکەن تاوەکو خواکان پشوو بدەن. هەروەتر، ئەم کەرەستانەی مرۆڤی پێدەخوڵقێنرێت مادیین و ئەمەش ئاماژەیە بۆ کاتی بوونی ژیانی مرۆڤ و مەرگ. ئەم چیرۆکانە لەناو گەلانی تری میزۆپۆتامیادا گۆڕانی بەسەردا دێت و لای ئەکەدیەکان خوێنی خوایەک تێکەڵ بەگڵ دەکرێت تاوەکو مرۆڤ درووستبکرێت و دواتر ئەمە لای عیبریەکان خوێن دەبێت بەڕۆح و ئەمەش پێچەوانەی میزۆپۆتامییەکان خوای عیبری لەبری خوێن لەڕێگەی فوو رۆحی خۆی دەکات بەمرۆڤداو دەیئافرێنێت.