ئەمریکا: دەمانەوێت دیموکراسیەکی بەهێز لە تورکیا ببینین
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کام یەک لە کاندیدەکان سەربکەوێت بەردەوامی بە پەیوەندییەکانیان دەدەن و دەیانەوێت دیموکراسیەکی بەهێز لە تورکیا ببینن.
جاک سولیڤیان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا کرد کە 14ی ئایار بەڕێوەچوو.
سولیڤیان رایگەیاند، کام یەک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی لە تورکیا سەربکەوێت، ئەوان ئەمریکا لەگەڵیدا هەوڵی چارەسەری پرسەکانی ئوکراینا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی تورکیا لە ناتۆدا دەدات.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی وتی، " خولی یەکەمی هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە و چاوەڕێی خولی دووەم دەکەین، ئێمە ئامادەین لەگەڵ کاندیدە سەرکەوتووەکەدا کار بکەن و دەمانەوێت دیموکراسیەکی بەهێز لە تورکیا ببینین،"
دوو رۆژ لەمەوبەریش جۆن کێربی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، سەرۆک بایدن بە تامەزرووە چاوەڕێ دەکات لەگەڵ کاندیدی سەرۆکایەتی هەڵبژاردنی تورکیادا کار بکات."
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە قسەکانیدا لە بانگەشەی هەڵبژاردن، زۆر جار هێرشی کردووەتە سەر ئەمریکا و پشتگیری لە روسیا کردووە، بۆیەش چاودێرانی سیاسی دۆخی تورکیا پێیان وایە، ئیدی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا، نایانەوێت ئەردۆغان لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە.
لە ماوەی مانگێکی رابردووشدا، میدیاکانی ئەوروپا و ئەمریکا بە بەردەوامی راپۆرت و هەواڵیان بە ئاڕاستەی پشتگیری لە کلچدارئۆغلۆ بڵاو دەکردەوە.