حکومەتی ئێران زیاتر لە 130 ملیارد دۆلار قەرزدارە
کورتهێنانی بودجەی حکومەت نزیکەی 16 ملیارد دۆلار بوە
کۆبونەوەی کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
بەرپرسێکی ئێران هۆشداریی دەدات لە بەرزبونەوەی قەرزەکانی حکومەت و زیانەکانی کورتهێنانی بودجە بۆ داهاتوی وڵاتەکە.
رەحیم موبینی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران ئەمڕۆ شەممە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند؛ قەرزەکانی حکومەت گەیشتوتەوە زیاتر لە 134 ملیارد دۆلار و کورتهێنانی بودجەی ساڵێک نزیکەی 16 ملیارد دۆلار بوە.
موبینی وتویەتی قەرزەکانی حکومەت بە بانک و رێکخراوەکان گەیشتوەتە 22 ملیارد 280 ملیۆن دۆلار و هاوکات قەرزەکانی بۆ کۆمپانیاکانی سەر بە حکومەت بە 37 ملیارد و 880 ملیۆن دۆلار خەملێنراوە.
جگە لەو قەرزانە، حکومەت بڕی 74 ملیارد دۆلاری سندوقی گەشەی نیشتیمانیی ئێران قەرزدارە.
ئاماژەی بەوە کردوە کە زیانی کۆمپانیا حکومییەکانی ئێران لە ئێستادا زۆر زیاترە لە 6% بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە ئەوەش زیانی بە بودجەی وڵاتەکە گەیاندوە.
بە وتەی جێگری ناوەندی بەرنامە و بودجە: کورتهێنانی بودجەی ساڵی رابردوی ئێران 15 ملیارد و 880 هەزار دۆلار بوە کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە داهاتوی ئابوریی وڵاتەکە.
تێبینی (هاوڵاتی) : سەرجەم قەرزەکانی کابینەی ئێستای حکومەتی ئێران بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسی بە تمەن بڵاو کراونەتەوە کە لێرە ئەو بڕانە کراون بە دۆلار.
لە ئێستادا نرخی هەر دۆلارێک لە ئێران دەگاتە زیاتر لە 51 هەزار تمەن.