وەزارەتی بەرگریی سوودان داوای پڕچەککردنی کارمەندە سەربازییە خانەنشینکراوەکانی دەکات

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی بەرگریی سوودان داوای لە کارمەندە سەربازییە خانەنشینکراوەکانی وڵاتەکە کرد بە مەبەستی پڕچەککردنیان بۆ پاراستنی ژیانیان سەردانی نزیکترین ناوەندی سەربازیی بکەن.

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە پێکدادان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای نیمچە سەربازی لە وڵاتەکە بەردەوامە.

وەزیر بەرگریی سوودان، یاسین ئیبراهیم لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمی دەوڵەت گوتی: " پێشێلکردنی ئاگربەستە مرۆییەکە و هێرشکردنە سەر چەند دامەزراوەیەک لەلایەن هێزە بەرهەڵستکارەکانەوە بەردەوامە".

یاسین ئیبراهیم هێزەکانی پشتیوانیی خێرای بە سووکایەتیکردن بە کەسایەتییە دیارەکانی نزیک لە دەوڵەت و دەستبەسەرکردنی کارمەندە خانەنشینکراوەکانی سوپا تۆمەتبار کرد و گوتی: "داوا لە سەرجەم ئەفسەر، پلەدار، سەربازی خانەنشینکراوی سوپا و هەموو ئەوانەی کە دەستیان چەک دەگرێت دەکەین بۆ پاراستنی خۆیان، خێزانیان، دراوسێکانیان و ئابڕویان بە مەبەستی پڕچەککردن سەردانی نزیکترین ناوەندی سەربازی بکەن".

پارتی کۆمۆنیستی سوودان ئەوەی راگەیاند کە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە گەڕەکی دووی خەرتوومی پایتەخت هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوەندی گشتیی پارتەکە و هەندێک پێداویستییان تاڵان کردووە و زیانێکی جیددیان بە ناوەندەکە گەیاندووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار